Accessibility links

ڕوسیا و چین هانی چارەسەرێکی ئاشتیانە دەدەن بۆ گرژییەکانی کۆریای باکوور


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چونینگ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چونینگ

ڕوسیا و چین و ئاماژەیان بەوەدا کە ئارەزووی چارەسەرێکی ئاشتیانە دەکەن بۆ گرژییەکانی کۆریای باکوور کە بەهۆی چالاکیی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەیەوە دروست بووە.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرجی لاڤرۆڤ وتی هیچ کەسێک نایەوێت لە نیمچە دوورگەی کۆریا جەنگ ڕووبدات و وتیشی هیوادارە ئەمەریکا پلان بۆ کردەوەی سەربازیی دانەڕێژێت وەکو چارەسەرێک بۆ گرژییەکان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چونینگ وتی هەموو وڵاتان پێویستە هەوڵی بنیادنەرانە و ئاشتیانە بدەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا.

چین وتیشی سزا نوێیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکوور نەدەبوو کاریگەری لەسەر ژیانی ئاسایی هاوڵاتیانی مەدەنی کۆریای باکوور و ئابووری ئاسایی و کۆمپانیا مەدەنییەکان هەبوایە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ بڕیاریاندا هاوردەکردنی بەنزین و دیزڵی کۆریای باکوور سنوردار بکەن و هەروەها پشکنینەکانی ئەو کەشتیانە چڕتر بکەنەوە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت شتومەکی قەدەغەکراویان پێبێت بۆ کۆریای باکوور و بە پێچەوانەشەوە.

هەروەها سزاکە فەرمان بە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هەموو ئەو کرێکارانەی کە خەڵکی کۆریای باکوورن و لە دەرەوەی وڵاتەکە کار دەکەن لە ماوەی دوو ساڵدا بیاننێرنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. کە ئەوەش ڕێگەیەکە بۆ بڕینی ئەو سامانەی کە بۆ حکومەتی کۆریای باکوور دەچێت چونکە زۆربەی دەستکەوتەکانی ئەو کرێکارانە حکومەت لێیان دەسەنێت.

ئەمەریکا دەڵێت نزیکەی 80,000 هاوڵاتی کۆریای باکوور لە چین کار دەکەن و بەلایەنی کەمەوە 30,000 هاوڵاتی دیکەیان لە ڕوسیا کاردەکەن.

جێی ئاماژەیە کۆریای باکوور سزا نوێیەکانی ڕەت کردەوە و بە کردەوەی جەنگ و گەمارۆدانی تەواوی ئابووری وڵاتەکە ناودێریکرد.

دەزگای فەڕمی هەواڵی کۆریای باکوور بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە دەڵێت " ئەگەر ئەمەریکا دەیەوێت بە پارێزراوی بژی، ئەوا دەبێت واز لە سیاسەتە دوژمنانەییەکەی بهێنێت و فێری پێکەوە ژیان ببێت لەگەڵ وڵاتێکدا کە چەکی ناوەکی هەیە." هەروەها هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵاتانەش کرد کە پشتیوانیان لە سزاکان کردووە و وتی " بە قورسی باجەکەی دەدەن."

جێی ئاماژەیە سزاکانی پێشتری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر کۆریای باکوور شکستیان هێناوە لەوەی کۆریای باکوور ناچار بکەن واز لە تاقیکردنەوە موشەکییەکانی و هەوڵدانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی بهێنێت.

هەروەها ئەمەریکا پێشنیارەکەی کۆریای باکووری ڕەت کردەوە سەبارەت بەوەی پیۆنگیانگ ئامادەیە چالاکییە ناوەکییەکانی سڕ بکات بەمەرجێک ئەمەریکا واز لە مەشقە سەربازییەکانی سەر نیمچە دوورگەی کۆریا بهێنێت.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG