Accessibility links

مانگی داهاتوو چین و ڕوسیا مەشقی سەربازیی ئەنجام دەدەن


وەزارەتی بەرگری چین وتی سوپای چین و ڕوسیا مانگی داهاتوو مەشقێکی سەربازیی ئەنجام دەدەن لەسەر بەرپەرچدانەوەی موشەک لە پەکین ئەمەش لەمیانەی نیگەرانی ئەو دوو وڵاتەدا سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی لەلایەن ئەمەریکاوە لە کۆریای باشوور.

چین و ڕوسیا دژایەتی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەوەی ئەمەریکا سیستمی بەرگری موشەکی لە کۆریای باشوور بڵاوکردۆتەوە کە ئەوەش سیستمێکە کە واشنتن و سیئۆل دەڵێن زۆر گرنگە بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسیی موشەکەکانی کۆریای باکوور.

چین و ڕوسیاش دەڵێن سیستمەکە هیچ لە گرژییەکان لەگەڵ کۆریای باکووردا کەم ناکاتەوە.

چینیش لەوە دەترسێت کە ئەو ڕادارەی بە سیستمە بەرگرییە موشەکییەکەی ئەمەریکاوەیە بتوانێت بەباشی سەیری ناو خاکی چین بکات و ئەوەش ئاسایشی دەخاتە مەترسییەوە.

وەزارەتی بەرگری چین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند مەشقەکە لە 11 ی مانگی دوانزەوە بۆ 16 ی مانگ دەبێت.

وتیشی ئامانجی مەشقەکە ئەوەیە بەشێوەیەکی هاوبەش بتوانین بەرپەرچی موشەکەکان بدەینەوە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشە لەناکاوەکانی موشەکی بالیستیکی و ئاڕاستەکراو بزانین بۆ سەر هەردوو وڵات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG