چین ڕایگەیاند داواکەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت سەبارەت بە یاسای ئاسایشی نیشتیمانی بۆ هۆنگ کۆنگ " بە توندی " ڕەت دەکاتەوە.
بەرپرسێکی چین یانگ جیشی لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ لە هاوای وتی " پەکین بەتوندی بەیاننامەکەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت سەبارەت بە بابەتەکانی پەیوەست بە هۆنگ کۆنگەوە ڕەت دەکاتەوە."
یاسای ئاسایشی نیشتیمانی چین بۆ هۆنگ کۆنگ ڕێگە لە هەوڵەکانی سەربەخۆیی دەگرێت و سزا دەخاتە سەر کارە تێکدەرەکان و سنوورێک دادەنێت بۆ دەستوەردانە دەرەکییەکان لە شارەکەدا. پەکین دەڵێت یاساکە سەقامگیری دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆنگ کۆنگ بەڵام دەستکاری ئازادییە سیاسییەکان ناکات.
بەڵام ئەوانەی دژایەتی یاساکە دەکەن لە ناوخۆ و دەرەوەی هۆنگ کۆنگدا لەوە دەترسن یاساکە ببێتە هۆی لەناوبردنی بنەمای " یەک وڵات و دوو سیستم " کە هەریەک لە هۆنگ کۆنگ و چین لەسەری ڕێکەوتوون، هەروەها ئەم یاسایە کاردەکاتە سەر پێگەی هۆنگ کۆنگ وەکو ناوەندێکی دارایی جیهانی.
سەرچاوە/ فرانس