Accessibility links

سەرۆکی چین دەڵێت گرژییەکان سەبارەت بە ئێران جێی نیگەرانییە


سەرۆکی چین شی جین پینگ

سەرۆکی چین شی جین پینگ پێش سەردانەکەی بۆ ڕوسیا بە دەزگا ڕاگەیاندنە ڕوسییەکانی وت زیادبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆی گوشارەکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران جێی نیگەرانییە و هەموو لایەنەکان پێویستە دان بەخۆیاندا بگرن.

مانگی ڕابردوو گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیادیان کرد ساڵێک دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. هەروەها داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد چیتر نەوتی ئێران نەکڕن و هێزی سەربازیی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

شی بە دەزگای هەواڵی تاسی ڕوسی و ڕۆژنامەی ڕوسیسکایا گازیتای وت ئەو گوشارە توندانەی ئەمەریکا خستوویەتییە سەر ئێران و سزاکان، گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زیادکرد.

بەپێی ئەو نوسراوەی وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاویکردۆتەوە پێش ئەوەی سەرۆکی وڵاتەکە بگاتە ڕوسیا، شی جین پینگ دەڵێت " ڕەوشەکە جێی نیگەرانییە."

وتیشی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دەبێت جێبەجێ بکرێت و ڕێزی لێبگیردرێت، چونکە گرنگە بۆ ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڵاونەبوونەوەی چەکی ناوەکیدا.

وتیشی " ڕاوبۆچوونی چین و ڕوسیا سەبارەت بە دۆسییەی ئێران هاوشێوەی یەکترن، هەردوولا هیواداران هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار دان بەخۆیاندا بگرن و ژیرانە مامەڵە بکەن، هەروەها وتوێژەکان چڕتر بکەنەوە و ئەو گرژییانەی ئێستا نەهێڵن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG