Accessibility links

چین دەڵێت گفتوگۆکردن سەبارەت بە ڕەوشەکەی نیمچە دوورگەی کۆریا زۆر گرنگە


وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی ڕایگەیاند سزا نوێیەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سەر کۆریای باکوور وەڵامدانەوەیەکی گونجاوە بۆ ئەو زنجیرە تاقیکردنەوە موشەکیانەی کۆریای باکوور ئەنجامیداون و وتیشی گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە ئاڵۆز و هەستیارە زۆر گرنگە.

ڕۆژی یەکشەممە وانگ یی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور لە مانێلا کۆبوونەوە و وتی گفتوگۆکانمان زۆر قووڵ بوون و ئامۆژگاری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکووری کردووە هەڵسانگاندنێکی هێمنانە بکات بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و واز بهێنێت لە تاقیکردنەوە ناوەکییەکانی کە تەنها ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات.

شایەنی باسە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕۆژی شەممە سزای نوێی سەپاند بەسەر کۆریای باکووردا بەهۆی ئەو دوو تاقیکردنەوە موشەکیانەی کۆریای باکوور لەمدواییانەدا ئەنجامیدان.

وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی وتی ئێستا ڕێگەی سیاسی و ئاشتیانە زۆر پێویستن بۆ زیاد نەکردنی ئاڵۆزییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا.

وتیشی " داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە بگرنە بەر لەکاتی بڕیاردان و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکاندا. ناتوانین ڕێوشوێنێک بگرینەبەر و ئەوی دیکەیان پشگوێ بخەین. سزاکان پێویستن بەڵام ئامانجی کۆتایی نین."

لە ساڵی 2006 ەوە نەتەوە یەکگرتووەکان سزا دەسەپێنێت بەسەر کۆریای باکووردا بەهۆی بەرنامە موشەکیی و ناوەکییەکانیەوە.

بۆ ماوەی یەک مانگ ئەمەریکا و چین گفتوگۆیان کرد سەبارەت بە سزاکان و واشنتنیش چین بەوە تاوانبار دەکات کە هەوڵی تەواو نادات بۆ ناچارکردنی کۆریای باکوور تا واز لە بەرنامە ناوەکییەکەی بهێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG