Accessibility links

کیم جۆنگ ئون: پابەندین بە نەهێشتنی چەکی ناوەکییەوە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا


وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی
وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی

وەزارەتی دەرەوەی چین وتی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە پیۆنگیانگ بە وەزیری دەرەوەی چینی وتووە کە پابەندە بە نەهێشتنی چەکی ناوەکییەوە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا، ئەوەش لە هەوڵێکی سیاسییدا بۆ خستنەوەی ئاشتیەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

جێی ئاماژەیە چین گرنگترین پشتیوانیکەری ئابووری و سیاسیی کۆریای باکوورە سەرەڕای توڕەیی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر تاقیکردنەوە موشەکی و ناوەکییەکانی کۆریای باکوور و پشتیوانی چین لە سەپاندنی سزا توندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر پیۆنگیانگ.

لەگەڵ ئەوەشدا چین پێشوازی لەو هەنگاوانە کرد کە کۆریای باکوور گرتوویەتیە بەر بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور و ئەمەریکادا.

وەزیری دەرەوەی چین و ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەت وانگ یی سەردانی کۆریای باکوور دەکات لە دوای ئەو کۆبوونەوە مێژووییەی نێوان ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین کە تیایدا بەڵێنیاندا بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

پێش کۆبوونەوەکە، کۆریای باکوور جیهانی توشی سەرسوڕمان کرد دوای ئەوەی ڕایگەیاند شوێنی تاقیکردنەوە ناوەکییەکانی دادەخات و چیتر بەردەوام نابێت لەسەر تاقیکردنەوە ناوەکیی و موشەکییەکانی.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا لە زاری کیم جۆنگ ئونەوە بڵاویکردەوە لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا بە وانگی وتووە ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنیانەی کە لەمدواییانەدا ڕوویانداوە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا بەسوودن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی.

وەزارەتەکە وتیشی " کیم جۆنگ ئون وتوویەتی هەڵوێستی سەرەکی کۆریای باکوور نەهێشتنی چەکی ناوەکییە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا."

وانگ بە کیمی وتوە کۆریای باکوور هەلێکی باشی قۆستۆتەوە و بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی داوە کە بۆتە هۆی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە ناوچەکەدا.

وتیشی پەکین پشتیوانی لە کۆتایی هێنان بە جەنگ دەکات لە نیمچە دوورگەی کۆریادا و هەروەها پشتیوانی لەوە دەکات کە کۆریای باکوور گرنگی بداتەوە بە گەشەپێدانی باری دارایی وڵاتەکەیی و گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ هێورکردنەوە ترسە ئەمنییەکانی کە هەیەتی ئەوەش لەڕێی وازهێنان لە چەکی ناوەکیی.

هەروەها وتی " چین ئامادەیە لەگەڵ کۆریای باکووردا بگاتە ڕێکەوتنێک سەبارەت بەم بابەتە و پتەوکردنی هاریکارییەکانی نێوانیان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG