Accessibility links

هەردوو وەزیری دەرەوەی چین و ژاپۆن بەڵێنی باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەدەن


وەزیری دەرەوەی ژاپۆن تارۆ کونۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی

وەزیری دەرەوەی ژاپۆن تارۆ کونۆ و وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی بەڵێنی باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیاندا و جەختیان لەوە کردەوە کە پابەند دەبن بە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە ناچارکردنی کۆریای باکوور تاوەکو دەستبەرداری بەرنامە ناوەکییەکەی بێت.

کونۆ لە تۆکیۆ چاوی بە وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی کەوت. وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لە ماوەی ڕابردوودا لەمساڵدا سەردانێکی فەڕمی بۆ پەکین کردووە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی چینە بۆ ژاپۆن، دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی و سەرۆکی چین شی جین پینگ بەڵێنیاندا پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەیان باش بکەنەوە کە هەندێک کات گرژییان تێدەکەوت.

کونۆ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیرە چینییەکەدا وتی " لە میانەی سەردانەکانی نێوان دوو سەرۆکەکەماندا ڕێکەوتووین لەسەر ئەوەی هاریکارییەکی فراوان لە نێوانماندا هەبێت و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوانمان باشتر بکەین."

وانگ وتی سەردانەکە وەکو وەڵامێک بووە بۆ هەڵوێستی ئەرێنی ژاپۆن بەرامبەر چین.

وانگ وتی " لە ساڵی ڕابردووەوە ژاپۆن سوور بووە لەسەر ئەوەی پەیامێکی ئەرێنی و هەڵوێستێکی هاوڕێیانەی هەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا."

سەبارەت بە کۆریای باکووریش کونۆ وتی " بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور نەهێڵین، هەردوولا ڕێکەوتووین لەسەر ئەوەی پابەندبین بە جێبەجێکردنی هەموو بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لەنزیکەوە پێکەوە کاربکەین. "

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG