Accessibility links

چین داوادەکاتەوە لەسەر ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی ئێران بەردەوامبن


وەزارەتی دەرەوەی چین جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت هەموو لایەنەکان بەردەوامبن لەسەر ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی ئێران، وە دەڵێت ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم چەندان جار گوتویەتی ئێران وابەستەی ڕێکەوتننامەکەیە.

خانم هوا چونینگ وتەبێژی وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕۆژانەیدا وتی چین ئەو ڕاپـۆرتانەی بینیوە لەبارەی لێدوانەکانی بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل کە دەڵێت بەڵگە هەن ئێران بەرنامەیەکی نهێنی هەیە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی.

وتیشی تاکە لایەنی نێودەوڵەتی کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمە مافی هەیە سەرپەرشتی ڕێکەوتننامەکە بکات و بڕیاری لەسەر بدات.ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئاژانسەکە چەندان جار وتویەتی ئێران پابەندی ڕێکەوتنەکەیە.پاشان گوتی پـێویستە هەموو لایەنەکان ڕێکەوتنەکە بپارێزن.

جێی ئاماژەیە مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە وتی بەڵگەکانی ئیسرائیل حاشاهەڵنەگرن وە سەرۆک ترامپ بەر لەوەی لە بارەی بڕیار بدات ئەمەریکا دەستبەرداری ئەو ڕێکەوتننامەیە دەبێت یان نا، لەم بارەیەوە وتووێژ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکات.

چین یەکێکە لە پـێنج ئەندامە هەمیشەیـیەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافی ڤیتۆی هەیە و یارمەتی دابوو لە گەیشتن بە ڕێکەوتننامە ناوکیـیەکەی ئێران لە ساڵی 2015 دا. بەپـێی ڕێکەوتنەکە سزاکانی سەر ئێران وردەوردە سووک‌دەکرێن و لە بەرامبەر ئێران دەستبەرداری چالاکیـیە هەستیارەکانی بەرنامە ناوکیـیەکەی دەبێت بە سەرپەرشتی چاودێری نێودەوڵەتی، ئەمەش تاوەکو کۆمەڵی نێودەوڵەتی دڵنیاببێت لەوەی ئێران چەکی ناوکی دروست ناکات.

XS
SM
MD
LG