Accessibility links

چین لۆمەی هیندستان دەکات لەسەر شەڕەکەی نێوان سەربازەکانی سەر سنوور


چین لۆمەی هیندستانی کرد لەسەر ئەو شەڕەی کە لەسەر سنوور لە ڕۆژئاوای هیمالایا لەنێوان سەربازانی هەردوو وڵاتەکەدا ڕوویدا.

ڕووبەڕووبونەوەکانی نێوان سەربازانی دوو وڵاتەکە هەشت هەفتە لەمەوبەر لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵاتەکە دەستی پێکرد لە دۆکلام لە بەشێکی تری ناوچەی هیمالایا نزیک ئەو سنوورەی ناکۆکیی لەسەرە.

هەفتەی ڕابردوو سەرچاوەیەک لە هیندستان سەبارەت بە ڕەوشی سەر سنوورەکە وتی سەربازانی هیندستان هەوڵێکی سەربازانی چینیان بەرپەرچ داوەتەوە کە ویستوویانە بێنە ناو خاکی هیندستانەوە لە لداخ نزیک دەریاچەی بانگۆنگ.

سەرچاوەکە وتیشی هەندێک لە سەربازە چینییەکان شیش و بەردیان پێبووە و سەربازانی هەردوولا لە شەڕەکەدا بە سەختی برینداربوون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چونگ ینگ وتی هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری چینی ڕۆژی سێشەممە کاری خۆیان کردووە لە سنووری چین لە دەریاچەی بانگۆنگ.

هوا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " لەمیانەی ئەوەدا لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سەرسنووری هیندستانەوە ڕێگەیان پێگیراوە و سەربازانی هیندی ڕێوشوێنی توندیان گرتۆتە بەر دژی سەربازانی چینی و شەڕی دەستەویەخەیان کردووە کە بۆتە هۆی برینداربوونی سەربازانی چینی."

وتیشی ئەوەی هیندستان کردوویەتی پیشێلکاریی ڕێکەوتنەکەی نێوان دوو وڵاتەکەیە بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی سەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە و ئەو جۆرە کارانەش هەڕەشەیە بۆ سەر ڕەوشی ناوچەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG