Accessibility links

چین ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییەکان لە وڵاتەکە دەردەکات


چین ڕایگەیاند وەکو هەنگاوێکی تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر ئەو کۆتوبەندانەی ئەمەریکا خستوویەتیە سەر ڕۆژنامەنووسانی چینی، حکومەت بڕیاریداوە بە دەرکردنی ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکیەکان لە وڵاتەکەدا. لەوانەش ڕۆژنامەنووسانی هەریەک لە ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز و وۆڵ ستریت جێرناڵ و واشنتن پۆست.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو هاوڵاتیە ئەمەریکیانەی کە وەکو ڕۆژنامەنووس کاردەکەن بۆ سێ ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانی ئەمەریکی و لە کۆتای ئەمساڵدا مۆڵەتی کارکردنیان لە چین تەواو دەبێت، پێویستە لە ماوەی 10 ڕۆژدا باجی کارکردنیان ڕادەست بکەنەوە و چیتر ڕێگەیان پێنادرێت لەسەر خاکی چین و هۆنگ کۆنگ و ماکاو کاربکەن.

هێشتا دیار نیە ئەم بڕیارە چەند ڕۆژنامەنووس دەگرێتەوە.

چین ئاماژەشی بەوەدا"دەبێت لقەکانی دەنگی ئەمەریکا و نیویۆرک تایمز و ووڵ ستریت جێرناڵ و واشنتن پۆست و تایم ماگەزین لە چین بە نوسراوێک زانیاری تەواو بدەن لەسەر ستاف و دارایی و ئەرک و موڵکەکانیان لە چین."

بەڕێوبەری بەشێکی واشنتن پۆست وتی " ئێمە سەرکۆنەی بڕیاری چین دەکەین بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئەمەریکی.بڕیارەکەی چین جێی داخە چونکە لەنێوەندی قەیرانێکی جیهانیدا دێت، لەکاتێکدا زانیاری ڕاست و دروست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرنگترینە."

چین وتیشی ئەم هەنگاوە پێویستە چونکە ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکە لە ئەمەریکا ڕووبەڕووی ئەزموونێکی سەرکوتکردن بوونەتەوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ لە وەزارەتی دەرەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەم هەنگاوە وادەکات جیهان و خەڵکی چین بێبەش بن لە زانیارییەکان لەم کاتە هەستیارەدا کە ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووینەتەوە.

وتیشی " بەداخەوە، هیوادارم چاو بە بڕیارەکەیاندا بخشێننەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG