Accessibility links

یەکەم بڕیاری لەسێدارەدان بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە


دادگایەکی چین بڕیاری دا گەنجێک لەسێدارە بدرێت لەسەر تاوانی کوشتنی 2 کاربەدەست کاتێک ویستبوویان ڕێگری لێبکەن لە بەزاندنی بەربەستێک کە لە ناوچەکەیان دانرابوو بە ئامانجی ڕاگرتنی هاتووچۆ بە مەبەستی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا.

بەپـێی ماڵپەڕی ساوث چاینە مۆرنینگ، (ما چیانگو) تەمەن 23 ساڵ، لە 6 ی مانگی دوو، لەگەڵ هاوڕێـیەکی بووە و بە ئۆتۆمبیلەکەی بە جادەیەکدا لە ناوچەی یونانی باشور ڕۆیشتوون کە بەربەستی لێ‌دانرابوو. هاوڕێکەی دابەزیوە بەربەستەکە لابەرێت، بەڵام کاربەدەستێک مۆبایلەکەی دەرهێناوە و ڤیدیۆی گرتوون کە سەرپـێچی دەکەن، ما چیانگو لە ئۆتۆمبیلەکەی دادەبەزێت و بە چەقۆ دەکەوێتە سەر کاربەدەستەکە. کاربەدەستێکی دیکە دێت هەتا بە هانای هاوکارەکەی بچێت، بەڵام ئەویش دەداتە بەر چەقۆ. هەردوو کاربەدەستەکە بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەست دەدەن.

دادگای ناوچەی یونانی باشور بڕیاری دا (ما چیانگو) لەسەر ئەم تاوانە لەسێدارەبدرێت.

کاربەدەستانی چین لە کۆتایی مانگی یەکەوە بڕیاریان داوە هاتوچۆ لە چەندان ناوچەی وڵاتەکە سنوورداربکەن تاوەکو نەخۆشی کۆرۆنا چیتر لەوە زیاتر بە وڵاتەکەدا بڵاونەبێتەوە، ئەم بڕیارەش گرفتی زۆری بۆ خەڵکی دروستکردووە.

هەتا ئێستا زیاتر لە 80 هەزار کەس لە چین تووشی نەخۆشیـیەکە بوون، لەوانە 2912 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 7110 کەسیان باری تەندروستیان خراپە، بەڵام 44801 کەسیان چاکبوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG