Accessibility links

گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ژمارەی قوربانیانی سارس تێدەپەڕێنێت


چین ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەیشتۆتە 811 کەس و بەوەش ژمارەی قوربانیانی نەخۆشی سارس لەسەر ئاستی جیهان تێدەپەڕێنێت.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا زۆربەی ئەو شارانەی کە پێشتر قەرەباڵغ بوون و خەڵکانێکی زۆریان تێدابوو ئێستا چۆڵ بوون، ئەمەش دوای ئەوەی ڕابەرانی حیزبی شیوعی فەرمانیان دەرکرد بە داخستنی هەندێک لەو شارانە و گەشتە ئاسمانیەکانیان ڕاگرت و کارگە و خوێندنگاکانیان داخست.

ڕۆژی دووشەممە زۆرێک لە کارگە و خوێندنگاکان بە داخراوی دەمێننەوە و کارمەندانی دامەزراوەکان لە ماڵەکانی خۆیانەوە کارەکانیان ڕادەپەڕێنن.

ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ڕادەیەک زیانی گەیاندووە بە ئابووری چین و بازاڕەکانی جیهان. حکومەتی چین ڕایگەیاند لەگەڵ کاربەدەستانی گواستنەوەدا هەماهەنگی دەکات بۆ گەڕاندنەوەی کرێکاران بۆ سەر کارەکانیان لە پیشەسازییە گرنگەکانی وەکو خۆراک و دەرماندا.

گروپی تایبەتی سەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەنجومەنی دەوڵەتی چین وتی کرێکارەکان دەبێت بەسەرە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان نەک هەموویان پێکەوە، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکان بە توشبوون بە ڤایرۆسەکە.

لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی بی بی سی بەڕیتانیدا باڵیۆزی چین بۆ بەڕیتانیا لیۆ چیاو مینگ وتی ئەم ڤایرۆسە " دوژمنی مرۆڤایەتیە " بەڵام ئاماژەشی بەوەدا دەکرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و چارەسەر بکرێت و ڕێگە نەدرێت بڵاوببێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە داتاکانی لیژنەی تەندروستی نیشتیمانی چین دەریانخست ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە ڕۆژانە گەیشتۆتە 89 کەس و ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە و ژمارەی قوربانیان ڤایرۆسی سارس تێدەپەڕێنێت کە لە ساڵەکانی 2002 بۆ 2003 دا بووە هۆی گیان لەدەستدانی 774 کەس.

بەپێی ڕاپۆرتە فەڕمییەکان ڤایرۆسەکە بە 27 وڵات و ناوچەدا بڵاوبۆتەوە و زیاتر لە 330 کەس لە دەرەوەی چین توشی بوون. دوو حاڵەتی گیان لە دەستدانیش هەبووە لە دەرەوەی چین، یەکێکیان لە هۆنگ کۆنگ و ئەوی دیکەیان لە فیلیپین، بەڵام هەردووکیان خەڵکی چین بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG