Accessibility links

چین هۆشیاری دەداتە کەنەدا لەسەر پێدانی مافی پەنابەرێتی سیاسی بە خۆپیشاندەرە دیموکراتخوازەکانی هۆنگ کۆنگ


دیبلۆماتکارێکی باڵای چین هۆشیاریدایە کەنەدا لەسەر میوانداریکردنی خۆپیشاندەرە دیموکراتخوازەکانی هۆنگ کۆنگ لەسەر خاکەکەی، ڕوونی کردەوە دەرەنجامی خراپ دەبێت لەسەر " تەندروستی و پارێزراوی " ئەو کەنەدییانەی کە لە هۆنگ کۆنگ دەژین.

نوێنەری چین لە کەنەدا کۆنگ بیۆ ئەم لێدوانەیدا، بەڵام وەزیری دەرەوەی کەنەدا فرانسوا فیلیپ شامبانیە وتی " ئەو لێدوانە جێی قبوڵکردن نیە و جێی نیگەرانییە." ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

نوێنەری چین لە کەنەدا باسی لە پێدانی مافی پەنابەرێتی سیاسیی بە دوو هاوسەری هۆنگ کۆنگ دەکرد کە بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی هۆنگ کۆنگدا، ئەم هەنگاوەش لەوانەیە ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ خۆپیشاندەرانی دیکە کە لەدەست پۆلیسی هۆنگ کۆنگ هەڵهاتوون و لەوانەیە داوایەکی هاوشێوە لە کەنەدا بکەن.

نوێنەرەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " داوا لە حکومەتی کەنەدا دەکەین مافی پەنابەرێتی سیاسیی نەدات بەو تاوانبارانەی هۆنگ کۆنگ چونکە ئەوە دەبێتە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی چیندا و هیچ سوودێکی نیە جگە لەوەی زیاتر هانیان دەدات."

وتیشی " ئەگەر کەنەدا زۆر گرنگی بە خۆشگوزەرانی هۆنگ کۆنگ و سەقامگیری و پارێزراوی نزیکەی 300 هەزار کەنەدی دەدات کە لە شارەکەدا دەژین و و ئەو کۆمپانیایانەشی کە لەوێ کاردەکەن، ئەوا دەبێت پشتیوانی لە هەوڵەکان بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانە توندوتیژانە."

وەزیری دەرەوەی کەنەدا وتی " داوام لە تیمەکەم کردووە لەگەڵ نوێنەری چیندا قسە بکەن و بۆی ڕوون بکەنەوە کە کەنەدا هەمیشە پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی کەنەدییەکان دەکات لە هەر شوێنێک بن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG