Accessibility links

چین هۆشیاری دەداتە کەنەدا لە دەستوەردان لە کاروباری هۆنگ کۆنگدا


باڵیۆزخانەی چین لە ئۆتاوای کەنەدا هۆشیاریدا لە دەستوەردانی کەنەدا لە کاروباری هۆنگ کۆنگدا دوای ئەوەی کەنەدا بەیاننامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا دەرکرد و تیایدا بەرگریان لە مافی گردبوونەوەی هاوڵاتیانی هۆنگ کۆنگ کرد.

ڕۆژی یەکشەممە سەدان هەزاران خۆپیشاندەر ڕژانە سەر شەقامەکان و لەدژی حکومەتی هۆنگ کۆنگ خۆپیشاندانیان کرد، ئەمەش یانزەیەمین هەفتەیە لە خۆپیشاندانەکان کە لە زۆرێک لە ناوچەکانی هۆنگ کۆنگ توندوتیژیی بەخۆیەوە بینیوە.

وەزیری دەرەوەی کەنەدا کریستیا فریلاند و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی وتیان " پێویستە پارێزگاری لە ئازادییە سەرەکییەکان بکرێت، بە مافی گردبوونەوەی ئاشتیانەشەوە."

هەروەها لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا نیگەرانیان دەربڕیوە سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژییەکان و داوایان لە هەموو لایەنەکان کردووە بەشداربن لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا.

باڵیۆزخانەی چین لە کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەبێت بەزووترین کات کەنەدا بوەستێت لە دەستوەردانی لە کاروباری هۆنگ کۆنگ و کاروباری ناوخۆی چیندا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG