Accessibility links

چین ڕێگە بە شارەزایانی ئەمەریکی دەدات یارمەتیان بدەن لە ڕووبەڕووبوونەوە ڤایرۆسی کۆرۆنادا


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چونینگ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چونینگ

چین ڕازی بووە ڕێگە بە شارەزایانی تەندروستی ئەمەریکی بدات بێنە ناو وڵاتەکەوە وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو خەڵکدا بڵاوکردۆتەوە بەوەی کۆتوبەندی خستۆتە سەر گەشتکردن و هێنانە دەرەوەی هاوڵاتیانی لە چین.

وتەبێژی کۆشکی سپی جود دییەر وتی " چین بە پێشنیارەکەی ئەمەریکا ڕازیبووە بۆ ڕەوانەکردنی کۆمەڵێک شارەزای تەندروستی بۆ چین بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەرکێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا، ئەمەش بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە."

ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرەتا لە شاری وهان لە چین سەریهەڵدا و کۆمسیۆنی تەندروستی نیشتیمانی ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدانەکانبەهۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتۆتە 361 کەس.

وهان و کۆمەڵێک شاری دیکەی چین داخراون، زۆربەی حکومەتەکانی جیهانیش سنوورەکانیان لەبەردەم هاوڵاتیانی چیندا داخستووە، هەروەها ترسی ئەوە هەیە ئابووری چین بەرەو خراپ بوون بڕوات.

لەلای خۆیەوە چین ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ترس بەوەی کە هاوڵاتیانی لە چین دەهێنێتە دەرەوە و کۆتوبەندی خستۆتە سەر گەشتکردن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین هوا چونینگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " واشنتن ترس و دڵەڕاوکێی بڵاوکردۆتەوە بەوەی کە هاوڵاتیانی لە چین دەهێنێتە دەرەوە و کۆتوبەندی خستۆتە سەر گەشتکردن بۆ ئەمەریکا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG