Accessibility links

بەهۆی تایوانەوە چین پەیوەندییەکانی لەگەڵ لیتوانیا کەمدەکاتەوە


چین ئاستی پەیوەندییە دیبلۆماتیەکانی لەگەڵ لیتوانیادا بۆ ژێر ئاستی باڵیۆز کەمکردەوە، ئەمەش وەکو تۆڵەیەکی چین لە لیتوانیا دوای ئەوەی لیتوانیا ڕێگەیدا تایوان ئۆفیسێکی دیبلۆماتی لە وڵاتەکەی بکاتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا چین باڵیۆزی لیتوانیای لە وڵاتەکە دەرکرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەستیاریی چینە سەبارەت بە تایوان کە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و تایوانیش فەرمانڕەوایی چین بەسەر دوورگەکەدا ڕەت دەکاتەوە. چین دەڵێت تایوان مافی ئەوەی نیە پەیوەندیی لەگەڵ دەرەوەدا ببەستێت. چین باڵیۆزەکەی خۆشی لە لیتوانیا گەڕاندەوە بۆ پەکین.

وەزارەتی دەرەوەی چین وتی پەیوەندییەکان بۆ ئاستی بەرپرسی کاروبارەکان نزم دەکرێتەوە، کە ئەوەش دوای باڵیۆزخانە دێت.

ئەم هەنگاوەی لیتوانیا بۆ ڕێگەدان بە تایوان تاوەکو ئۆفیسێکی دیبلۆماتی لە وڵاتەکەدا بکاتەوە، ڕەنگدانەوەی زیادبوونی ئارەزووی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تایواندا.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 1949 ەوە و دوابەدوای شەڕێکی ناوخۆ تایوان و چین دوو دەسەڵاتی جیاواز فەرمانڕەواییان دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی چین لیتوانیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی " سەروەری خاکی چینی خستۆتە مەترسییەوە." هەروەها داواشی لە حکومەتی لیتوانیا کرد " بەزووترین کات ئەو هەڵەیە چاکبکاتەوە."

چین ڕەتی دەکاتەوە پەیوەندیی فەڕمی لەگەڵ ئەو حکومەتانەدا هەبێت کە تایوان وەکو دەوڵەت دەناسێنن. زۆرێک لە وڵاتانی دیکە، لەوانەش ئەمەریکا و ژاپۆن، پەیوەندیی فەڕمی دیبلۆماتیان لەگەڵ چیندا هەیە بەڵام پەیوەندییە بەرفراوانە ئابوورییەکانیشیان لەگەڵ تایواندا پاراستووە. زۆرێک لە وڵاتانی دیکە لەڕێی ئۆفیسە بازرگانییەکانەوە کە وەکو باڵیۆزخانەی نافەڕمی کاردەکەن، ئەرکە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تایواندا پاراستووە.

لە ماوەی ڕابردووشدا لیتوانیا ڕایگەیاند پلانی هەیە ئۆفیسێکی دیبلۆماتی لە تایوان بکاتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG