Accessibility links

کەتەلۆنیا لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت


سەرەڕای ئاگادارکردنەوەکانی پاشا فیلیپی ئیسپانیا بەوەی کە جیابوونەوەی هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا هەڕەشە دەبێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی، سەرکردەی هەرێمی کەتەلۆنیا بەڵێنیدا لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت.

حکومەتی ئیسپانیا دەڵێ ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی یەکشەممە نایاسایی بووە و هەڕەشەی ئەوەی کرد هەرێمی کەتەلۆنیا بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. شەوی سێشەممەش پاشا فیلیپی ئیسپانیا بۆچوونی حکومەتی ئیسپانیای ڕاگەیاند سەبارەت بە جیابوونەوەی هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا.

فیلیپ وتی" ئەو بەرپرسانە هەستی خۆشەویستی و هاوکاریان بە کەم زانیووە کە هەموو ئیسپانیەکانی پێکەوە گرێداوە."

پاشا فیلیپ لە وتارەکەیدا باسی لە وەڵامدانەوە توندەکەی پۆلیسی ئیسپانیا نەکرد لەبەرامبەر ڕیفراندۆمەکەدا کە بووە هۆی برینداربوونی سەدان کەس.

هاوڵاتییەکی بەرشەلۆنە بە ناوی خۆسێ کاڵڤۆ توڕە بوو لە وتارەکەی پاشا.

وتی " ئەو بیری چۆتەوە کە لێرە چی ڕوودەدات چونکە ئێمە سێ هێندە باج دەدەین کە بژێوی نیوەی وڵاتەکە دابین دەکات، هەروەها ئەویش کە بە بەلاش دەژی."

سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا لە چاوپێکەوتنێکدا مەدریدی ئاگادارکردەوە کە دەست لە بابەتەکە وەرنەدات.

کارلێس پویگدیمۆنتی سەرۆکی کەتەلۆنیا وتی " ئەمە دەبێتە هەڵەیەکی تر لە زنجیرەیەک هەڵە. دوای هەر هەڵەیەک، ئێمە بەهێزتر بووین."

فرانسیسکۆ دی بۆرخای ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە لە مەدرید وتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تاک لایەنانە لەوانەیە ببێتە هۆی توندوتیژی زیاتر.

بۆرخا وتی " ئەمە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی توندوتیژی زیاتر، لەنێوان کەتەلۆنیەکان خۆشیاندا، هەروەها ئیسپانیا ناچار دەکات پەنا بباتە بەر پێدانی دەستووری و بەو پێیە دەتوانێت پۆلیسی کەتەلۆنیا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و مەدرید فەرمانیان پێبکات."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG