Accessibility links

سەرۆکی هۆنگ کۆنگ: یاسای ئاسایشی نیشتیمانی چین کاریگەری لەسەر ماف و ئازادییەکانی شارەکە نابێت


سەرۆکی هۆنگ کۆنگ کاری لام
سەرۆکی هۆنگ کۆنگ کاری لام

سەرۆکی هۆنگ کۆنگ کاری لام وتی پێشنیارەکەی چین بۆ سەپاندنی یاسای ئاسایشی نیشتیمانی بەسەر هۆنگ کۆنگدا هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر ماف و ئازادییەکانی شارەکە، داواشی لە هاوڵاتیان کرد چاوەڕێ بکەن تاوەکو وردەکاری پڕۆژە یاساکە ئاشکرا دەکرێت.

کاری لامبەم لێدوانەی دەنگی خۆی خستە پاڵ بەرپرسانی چینەوە سەبارەت بە یاساکە، هەروەها سەرۆکەکانی پێشووی هۆنگ کۆنگیش بەرگری لە یاساکە دەکەن و دەیانەوێت دانیشتوان و وەبەرهێنەران و دیبلۆماتکاران دڵنیا بکەنەوە کە ئەم یاسایە کاریگەری لەسەر ئازادییەکانی هۆنگ کۆنگ نابێت.

کاری لام لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " هیچ شتێک نیە بۆ ئێمە نیگەرانی بین."

وەک ئەوانی دیکە، لام هیچ وردەکارییەک و ڕوونکردنەوەیەکی نەدا لەسەر ئەوەی چۆن ئەم یاسایە کاریگەری نابێت لەسەر ئازادییەکانی هۆنگ کۆنگ. ئەمەش لەکاتێکدایە وردەکاریی پڕۆژە یاساکە ئاشکرا نەکراوە.

کاری لام وتی " لە ماوەی 23 ساڵی ڕابردوودا، هەرکاتێک خەڵک نیگەرانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ئەنجامدانی خۆپیشاندان بووبێت، هۆنگ کۆنگ سەلماندوویەتی ئێمە بەهای ئازادی و بەهاکانی دیکە دەپارێزین."

وتیشی " باشترین شت ئەوەیە ئەم پڕۆژە یاسایەی لەبەردەمماندایە لێی تێبگەین و بزانین بۆچی لەم کاتەدا هۆنگ کۆنگ پێویستی بەم یاسایە هەیە."

ئەم لێدوانانەی لام لەکاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممە هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکانی هۆنگ کۆنگ و ناڕەزاییان دژی پڕۆژە یاساکە دەربڕی. پۆلیس گازی فرمێسک ڕژێنی ڕشت بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و نزیکەی 200 کەسیان دەستگیرکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG