کەنەدا بەڵێنیدا هێزەکانی لە چوارچێوەی ئەرکەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە لاتیڤیا دوو هێندە بکات و 1200 سەربازی دیکە ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکات، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی ناوچەی لاوازی باڵتیک دژی هەر دوژمنکارییەکی ڕووسیا.
ناتۆ گروپی شەڕکەری لە هەریەک لە وڵاتانی باڵتیک جێگیر کردووە، کە ئەوانیش لاتیڤیا و ئیستۆنیا و لیتوانیان. هەر گروپێکی شەڕکەر لە زیاتر لە 1000 سەربازی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا پێکدێت.
لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، گروپە شەڕکەرەکان پتەوتر کراون. وڵاتانی باڵتیک کە سەرجەمییان سنوورییان بە ڕووسیاوەیە، داوایان کردووە هێزەکانی ناتۆ لە وڵاتەکانیاندا زیاتر بکرێت بکرێنە 3000 بۆ 5000 سەرباز.
لە مانگی شەشدا ئەڵمانیا ڕایگەیاند بە شێوەیەکی هەمیشەیی 4000 سەربازەکەی لە لیتوانیا دەهێڵێتەوە. بەرپرسانی ئیستۆنیا دەڵێن هێزە شەڕکەرەکانی بەڕیتانیا کە لە دەرەوەی ئیستۆنیا جێگیرکراون، پێویستییە بەرگرییەکانی ئیستۆنیایان دابین کردووە، ئەو هێزانەی بەڕیتانیا دەکرێت لە حاڵەتی جەنگدا لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا ڕەوانەی ئیستۆنیا بکرێن.
سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا لاتیڤیاییەکەی کریسیانیس کارینسدا لە بنکەی سەربازی ئادازی لە لاتیڤیا وتی " بوونی خۆمان دوو هێندە دەکەین، ئەوەش لە پێناو خزمەتکردن و بەرگریکردن لە دیموکراسی و سەروەری یاسادا."
کەنەدا سەرکردایەتی گروپە شەڕکەرەکەی ناتۆ دەکات لە لاتیڤیا، لە ئێستادا گروپەکە لە 1700 سەرباز پێکدێت، نۆ وڵاتی دیکەی ناتۆش سەربازییان ڕەوانەی لاتیڤیا کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز