Accessibility links

کەنەدا سەربازەکانی لە ئۆکرانیا دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە


وەزارەتی بەرگری کەنەدا ڕایگەیاند وڵاتەکە سەربازەکانی بەشێوەیەکی کاتی لە ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە ئەوروپا، بەڵام ئاماژەی بە شوێنەکە نەداوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ترس و نیگەرانییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بەوەی ڕووسیا ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا دەکات.

کەنەدا کە سێیەمین وڵاتە لە جیهاندا کە زۆرترین دانیشتوانی ئۆکرانی هەیە لە وڵاتەکەیدا، لە ساڵی 2015 ەوە 200 سەربازیی بەمەبەستی مەشق پێدان لە ئۆکرانیا هێشتۆتەوە.

وەزارەتی بەرگری کەنەدا وتی هێزە چەکدارەکان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ " ئاڵۆزبوونی ژینگەی ئەو شوێنەی ئەرکەکانیانی تێدا ئەنجام دەدەن، ئەوەش بەهۆی دوژمنکارییەکانی ڕووسیاوە بەرامبەر ئۆکرانیا."

ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیای هەبێت.

هێزەکانی بەرگری کەنەدا مەشقیان بە زیاتر لە 30,000 سەربازی ئۆکرانی کردووە و سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ وتی ئەرکەکە بۆ سێ ساڵی دیکە درێژ دەکرێتەوە و بەو هۆیەشەوە لەوانەیە 400 سەربازیی کەنەدی ڕەوانەی ئەو وڵاتە بکرێن، تێچووی ئەرکەکەش 340 دۆلاری کەنەدی دەبێت.

کەنەدا بە هەمان شێوە کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی کاتی گواستۆتەوە بۆ ئۆفیسێکی کاتی لە شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا، کارەکانی باڵیۆزخانەکەی لە کیێڤ ڕاگرتووە. ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ئەوانی دیکەش ژمارەی کارمەندەکانیان لە باڵیۆزخانەکانیان کەمکردۆتەوە و هەندێکیان باڵیۆزخانەکانیان چۆڵ دەکەن، هەروەها داوایان لە هاوڵاتیانیان کردووە دەستبەجێ ئۆکرانیا جێبهێڵن و خۆیان بەدووربگرن لە گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG