لە چاوپێکەوتنێکدا سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ وتی وڵاتانی ڕۆئاوا دەبێت یەکگرتوو بن لە بەرامبەر چیندا تاوەکو ڕێگە نەدەن ئەو وڵاتە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بۆ یاری پێکردنیان دژ بە یەکتر بەکاربهێنێت.
ترودۆ وتی چین " یاری " بە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات تاوەکو دژی یەکتر بجوڵێنەوە، لەکاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕکابەرایەتی یەکتر دەکەن بۆ دەستگەیشتن بە دەرفەتە ئابوورییەکان لە چیندا.
ترودۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی گلۆباڵ وتی " ڕکابەرایەتی یەکتری دەکەین و چینیش هەندێک جار زۆر زیرەکانە لە بازاڕی کراوەدا دژی یەکتریی یاری پێکردووین."
وتیشی " دەبێت باشتر بین لە کارکردنمان پێکەوە و بە بەهێزییەوە بەڕووی چیندا بوەستین تاوەکو نەتوانێت یاریی بە گۆشەکان بکات و دابەشمان بکات تاوەکو لەدژی یەکتر بجوڵێینەوە."
لە ساڵی 2018 ەوە پەیوەندییەکانی نێوان چین و کەنەدا گرژییان تێکەوتووە، ئەوەش دوای ئەوەی بەڕێوبەری بەشی دارایی کۆمپانیای هواوی چینی مێنگ وانژو لە کەنەدا دەستگیرکراو و ڕادەستی ئەمەریکا کرا. دوابەدوای ئەوەش بە ماوەیەکی کورت چین دوو هاوڵاتی کەنەدی لە وڵاتەکەیدا دەستگیرکرد.
لە مانگی نۆدا مێنگ ئازادکرا، چەند کاتژمێرێک دوای ئازاکردنی، دوو هاوڵاتیە کەنەدییەکەش ئازادکران.
تەنانەت بەر لە دەستبەسەراگرتنی مێنگ وانژو، کەنەدا هەمیشە جەختی لەوە کردۆتەوە چین مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات، ئەمەش چینی بێزارکردووە و دوو وڵاتەکە نەیانتوانیوە لە یەکتر نزیک ببنەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا کەنەدا ڕایگەیاند دەچێتە پاڵ هاوپەیمانەکانی لە بایکۆتکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی 2022 ی پەکیندا، ئەوەش وەکو پەیامێک بۆ چین لەسەر تۆمارەکانی لە مافەکانی مرۆڤدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز