Accessibility links

لەنێوەندی ناکۆکییەکان لەگەڵ سعودیەدا، کەنەدا دەڵێت هەمیشە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەین


وەزیری دەرەوەی کەنەدا کریستیا فریلاند
وەزیری دەرەوەی کەنەدا کریستیا فریلاند

وەزیری دەرەوەی کەنەدا کریستیا فریلاند وتی حکومەتەکەی هەمیشە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بڕیارەکەی سعودیە بۆ دەرکردنی باڵیۆزی کەنەدا لە سعودیە.

فریلاند لە کۆنگرەیەکدا لە ڤانکوڤەر وتی " بۆ ئەوەی زۆر ڕوون بم، کەنەدا هەمیشە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات لە کەنەدا و سەرتاسەری جیهانیشدا، مافەکانی ئافرەت گرنگترینی مافەکانی مرۆڤن."

جێی ئاماژەیە دوای ئەوەی کەنەدا داوای لە سعودیە کرد چالاکەوانە دەستگیرکراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەزووترین کات ئازاد بکات، سعودیە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دژی کەنەدا گرتەبەر، لەوانەش، ڕاگرتنی هەموو مامەڵە بازرگانیی و وەبەرهێنانە نوێیەکان لەگەڵ کەنەدادا، هەروەها دەرکردنی باڵیۆزی کەنەدا لە سعودیە و ڕاگرتنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی سعودیە بە چوون و هاتنیشەوە بۆ تۆرۆنتۆی کەنەدا.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دەرکردنی باڵیۆزی کەنەدا لە سعودیە.

سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " هەڵوێستی کەنەدا دەستوەردانێکی ئاشکرایە لە کاروباری ناوخۆی سعودیەدا و هەموو پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی پێشێل کردووە."

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی سعودیە عادل جوبەیر ڕەخنەی لە داواکەی کەنەدا گرت بۆ ڕزگارکردنی چالاکەوانەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و وتی ئەو هەڵوێستەی کەنەدا لە زانیاریی هەڵەوە سەرچاوەی گرتووە.

ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و جامیعەی عەرەبیی و فەڵەستین پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم سیاسەتەی سعودیە ڕاگەیاند.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG