Accessibility links

یاسادانەرانی کەنەدا بە نیازن سەردانی تایوان بکەن


پەرلەمانتاری لیبڕاڵەکان لە پەرلەمانی کەنەدا جودی سگرۆ وتی شاندێکی یاسادانەرانی کەنەدا بەنیازن لە مانگی 10 دا سەردانی تایوان بکەن و بەدوای دەرفەتی ئابووریدا بگەڕێن لە ناوچەی ئاسیا پاسێفیکدا. ئەم هەنگاوەش ڕەنگە ببێتە هۆی زیادکردنی گرژییەکانی نێوان چین و ڕۆژئاوا.

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی سەردانی تایوانی کرد، گرژییەکانی نێوان چین و ڕۆژئاوا خراپتر بوون. چین تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت و دژایەتی سەردانی سیاسییە بیانییەکان دەکات بۆ تایوان. تایوانی دیموکراتخوازیش بانگەشەکانی چین ڕەت دەکاتەوە.

لە وەڵامێکدا بۆ سەردانەکەی پیڵۆسی، چین کۆتوبەندی خستەسەر بازرگانی و مەشقێکی سەربازیی گەورەی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا، هەروەها سزاشی بەسەر پیڵۆسیدا سەپاند.

چین سزاشی بەسەر وەزیرێکی لیتوانیادا سەپاند کە چەند ڕۆژێک دوای گەشتەکەی پیڵۆسی سەردانی تایوانی کرد.

چین گوتی سەردانەکەی دیکەی ڕۆژی یەکشەممەی یاسادانەرانی ئەمەریکا بۆ تایپیێی پایتەختی تایوان پێشێلکردنی سەروەری خاکی چین بووە.

سگرۆ گوتی ماوەیەک دەبێت لیژنەی بازرگانی پەرلەمانی کەنەدا پلانییان داناوە سەردانی تایوان بکەن.

سگرۆ کە ڕابەرایەتی لیژنەکە دەکات بە ڕۆیتەرزی گوت " نیازمان ئەوە نیە کێشە بۆ تایوان دروست بکەین یاخود کێشە بۆ چین دروست بکەین، ئەمە هاوڕێیەتییە، دەرفەتێکە بۆ کەنەدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG