ئێسکە بە بەردبووەکانی ئاژەڵێکی گەورە لە خێزانی ئاژەڵی ئارمادیلۆ کە لە ئەرجەنتین دۆزراونەتەوە و نیشانەی برینی سەربڕینییان پێوە دیارە ئاماژەن لەسەر ئەوەی مرۆڤەکان نزیکەی 21,000 ساڵ لەمەوبەر لە باشووری ئەمەریکای باشوور بوونییان هەبووە ، ئەمەش بەپێی توێژەرەوەکان، زۆر کۆنتر لەوەی کە پێشتر بیری لێکرابووەوە.
ئێسکەکان ئێسکی ماماڵێکی گەورەی ڕووەک خۆر بووە بە ناوی نیۆسکلیرۆکالیپتوس، بەشێکە لەو گروپەی کە بە گلیپتۆدۆنتس ناسراون و زیاتر لە 30 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە ئەمەریکاکان ژیاون و نزیکەی 10,000 ساڵ لەمەوپێش لە کۆتایی سەردەمی سەهۆڵبەنداندا نەماون.
توێژەرەوەکان دەڵێن نیشانەی بڕینەکانی سەر ئێسکەکان وادیار بووە کە لەلایەن مرۆڤەوە بووبێت لە ڕێی بەکارهێنانی بەردەوە. ئەوەش بەڵگەیەکی بەهێزە لەسەر بوونی مرۆڤەکان، هۆمۆ ساپیێنس، سەرەڕای ئەوەی هیچ مرۆڤێکی بە بەردبوو لەو شوێنەدا نەدۆزراوەتەوە.
گلیپتۆدۆنتسەکان خزمی ئاژەڵی ئارمادیلۆسی ئێستان بەڵام زۆر گەورەترن، هەندێک جۆرییان هێندەی ئوتومبێلێکی بچووک گەورە بوون. قاوغێکی گەورەی ئێسکییان هەبووە کە زۆربەی لاشەیانی شاردووەتەوە، هاوشێوەی کیسەڵ، کلکێکی گەورە و بەهێزییان هەبووە و قاچییان بچووک بووە.
نیۆسکلیرۆکالیپتوس یەکێک بووە لە جۆرە بچووکەکانی گلیپتۆدۆنتسەکان. ئەو ئاژەڵەی کە لەم توێژینەوەیەدا کاری لەسەر کراوە نزیکەی 180 سم درێژ بووە و کێشی نزیکەی 300 کیلۆگرام بووە.
نیشانەکانی سەر ئێسکەکە لەسەر حەوزی و کلکەکەی و قاوغەکەی بیندراون.
میگێل دێلگادۆی مرۆڤناس لە زانکۆی نیشتیمانی لا پلاتا کە نوسەری باڵای توێژینەوەکەیە دەڵێت " شوێنی ئەم برینانە نیشانەیە لەسەر ئەو لێدانە یەک لە دوای یەکانەی کە ئەو ناوچانەی کردووەتە ئامانج کە گۆشتێکی زۆرییان پێوە بووە، نیشانەی بڕینەکان بە کوێرانە نەبووە بەڵکو سەنگی خستووەتە سەر ئەو بەشانەی ئێسکەکە کە ماسولکەی گەورەیان تێدا بووە، لەوانەش حەوز و کلکەکەی. ئەمەش لە پڕۆسەی سەربڕیندا شتێکی ئاساییە و دیارە."
وتیشی شێوەی ئەم بڕینانە لەگەڵ ئەو بڕینانەدا دەگونجێن کە بە بەکارهێنانی جۆرەکانی ئامڕازەکانی بەرد دەکرێن.
ماریانۆ دێل پاپای زانکۆی لا پلاتا کە سەرنوسەری توێژینەوەکەیە وتی " تەنها کەس کە بتوانێت ئەو جۆرە بڕینانە بکات مرۆڤە."
کۆنترین کات لەسەر بوونی مرۆڤ لە ئەمەریکاکاندا بابەتێکە مشتومڕی لەسەر دەکرێت، هەندێک لە دۆزینەوەکانی ئەمدواییانە ئاماژە بەوە دەدەن کە مرۆڤەکان زۆر زووتر لەو شوێنەدا بوون وەک لەوەی پێشتر بیری لێکرابووەوە. ڕۆڵی مرۆڤ لە نەمانی زۆرێک لە ماماڵە گەورەکاندا لە ئەمەریکاکان جێی مشتومڕ بووە. نیۆسکلیرۆکالیپتوسە بە بەردبووەکان لە نێو کۆنترین بەڵگەکاندان لەسەر کارلێکی مرۆڤ بەم ئاژەڵە گەورانەی سەردەمی سەهۆڵبەندانەوە.
توێژەرەوان دەڵێن دۆزینەوە نوێیەکان کۆنترین بەڵگەن لەسەر بوونی هۆمۆ ساپیێنس و کارلێکی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵە گەورەکاندا لە باشووری ئەمەریکای باشوور لە ماوەی لوتکەی دوایین سەردەمی سەهۆڵبەنداندا، کە بە دوا سەردەمی لوتکەی سەهۆڵبەندان ناسراوە و یەکێکە لە کۆنترینەکان لە هەموو ئەمەریکای باشووردا.
دێلگادۆ وتی " هەتاوەکو ئەمدواییانە، شێوازە کۆنەکە پێشنیاری ئەوەی دەکرد کە مرۆڤی نوێ ( هۆمۆ ساپیێنس ) 16,000 لەمەوبەر هاتوونەتە ناو ئەمەریکاکانەوە، لەبەرئەوە لەو کاتەدا زۆربەی بەڵگە شوێنەوارییەکان ساختەکراون. چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر، بەڵگەی نوێ دۆزرانەوە کە ئاماژە بە کۆنترین بوونی مرۆڤ دەکەن."
وتی " لە ئێستادا دەزانین کە لە ئەمەریکای باشوور بەڵگەی ڕاست لە بەڕازیل دۆزراوەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ 23,000 ساڵ لەمەوبەر، بەڵام شایەنی باسە کە شوێنی هاوچەرخ لە ئەمەریکای باکوور دۆزراونەتەوە کە ئەو شتانەی تێیاندا بووە بەروارەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 21,000 بۆ 23,000 ساڵ لەمەوبەر، تەنانەت شوێنی کۆنتریش لە ناوەڕاستی ئەمەریکا دۆزراونەتەوە کە بەروارەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 19,000 بۆ 26,000 ساڵ لەمەوبەر."
نیۆسکلیرۆکالیپتوسە بە بەردبووەکان لە ساڵی 2015 دا لە قەراغی ڕووباری ڕیکۆنکویستا دۆزرانەوە لە نزیک شارۆچکەی مێرلۆ لە بوێنس ئایریس، بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پلیستۆسین. بە بەردبووەکان بەروارەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ 21,000 ساڵ لەمەوپێش.
بەردینە زانی زانکۆی نیشتیمانی لا پلاتا و هاونوسەری توێژینەوەکە مارتن دی لۆس ڕێس وتی " ئەمە یەکەمین بەڵگە دەبێت لەسەر بوونی مرۆڤەکان لە ئەرجەنتین و کۆنی باشوور و ئەمەریکای باشوور."
دێلگادۆ وتی " ئێمە ئەو پارادیمە کۆنە دەگۆڕین کە باس لە ساتێکی دیاریکراوی هاتنی مرۆڤ دەکات بۆ ئەمەریکاکان."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز