Accessibility links

کودەتای سەربازی لە بۆرما و دەستگیرکردنی ڕابەری وڵاتەکە ئۆنگ سان سوچی


سوپای بورما کودەتایەکی سەربازی ئەنجامدا و ڕابەری دیموکراتخوازی بورما ئۆنگ سان سوچی دەستگیرکرد کە سەرۆکایەتی حکومەتی دەکرد، هەروەها سوپا حاڵەتی نائاسایی ڕاگەیاند و جەنەڕاڵەکان لە پۆستە سەرەکییەکاندا داندران.

سان سوچی داوای لە گەلی بورما کرد " کودەتاکە قبوڵ نەکەن."

سوپای بورما لە ڕێی کەناڵێکی سەربازییەوە وتی ئەم " هەنگاوە پێویستە بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵاتەکە." ئەمە لەکاتێکدا ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی کودەتاکەیان کرد.

سوپا لیژنەی هەڵبژاردنەکانی تۆمەتبار کردووە بەوەی چارەسەری " ئەو پێشێلکارییە گەورانەی " نەکردووە کە ڕوویانداوە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا لە مانگی یانزە و تیایدا حیزبەکەی ئۆنگ سان سوچی بە زۆرینەی دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەدا سان سوچی و سەرۆک کۆماری بورما وین میینت دەستگیرکران.

وتەبێژی حیزبەکەی ئۆنگ سان سوچی وتی " بیستوومانە لە نابیداوی پایتەخت دەستبەسەر کراوە." ئاماژەشی بەوەدا بەرپرسانی دیکەی حیزبەکەش دەستگیرکراون.

سوپای بورما کۆنتڕۆڵ بینای شارەوانی ڕانگۆنی کرد کە بە پایتەختی ئابووری وڵاتەکە دادەنرێت، دواتر سەربازەکان بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەڕێکەوتن.

لەلای خۆیانەوە هەریەک لە ئەمەریکا و ئوستڕاڵیا داوایان کرد بە زووترین کات ڕابەری وڵاتەکە ئازاد بکرێت.

وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمەریکا جێن ساکی لە بەیاننامەیەکدا هۆشیاریدا لەوەی ئەمەریکا " ڕێوشوێن دژی بەرپرسانی کودەتاکە دەگرێتەبەر."

لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئوستڕاڵیا ماریز پاین وتی " داوا لە سەربازەکان دەکەین ڕێز لە دەوڵەتی یاسا بگرن و بەزووترین کار سەرجەم سەرکردە مەدەنییەکان و ئەوانەشی بە نایاسایی دەستبەسەرکراون ئازاد بکرێن."

هەروەها سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " بە توندی سەرکۆنەی ئەو ڕووداوانە دەکەین کە لێدانێکی بەهێزە لە چاکسازییە دیموکراسیەکان لە بورما."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG