Accessibility links

لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر ڕێستۆرانتێک لە بورکینا فاسۆ بەلایەنی کەمەوە 18 کەس کوژران


گومانلێکراوانی چەکدارانی داعش تەقەیان لە ڕێستۆرانتێکی تورکی کرد لە پایتەختی بورکینا فاسۆ و لە ئەنجامدا بەلایەنی کەمەوە 18 کەس کوژران، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەمە دووەم هێرشە بکرێتە سەر ئەو ڕێستۆرانتە کە بەوە ناسراوە بیانیەکان زیاتر دەچن بۆی.

لەو کاتەدا یەکسەر هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی لە هێرشەکە ڕانەگەیاند، دەنگی تەقەکردن دوای حەوت کاتژمێر لە دەستپێکردنی هێرشەکە هێشتا دەبیسترا.

وەزیری پەیوەندییەکان ڕێمی داندجینۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت بەلایەنی کەمەوە 18 کەس کوژراون و هەشت کەسی دیکە برینداربوون. وتیشی دووان لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە کوژراون.

وتی قوربانییەکان خەڵکی وڵاتانی تر بوون، یەکێک لە قوربانییەکان فەڕەنسی بووە.

دوای ئەوەی هەواڵی هێرشەکە درا هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە لە نزیک ئازیز ئیستانبوڵ، ڕێستۆرانتێکی تورکیە لە ئۆگادۆگۆ. هێرشەکە بیرەوەرییە تاڵەکانی مانگی یەکی 2016ی هێنایەوە لەکاتێکدا هێرش کرایە سەر کافێیەکی تر کە لە ئەنجامدا 30 کەس گیانیان لەدەستدا.

نەقیبی پۆلیس گای یی وتی سێ یا چوار لە چەکدارەکان بە ماتۆڕ هاتوون بۆ رێستۆرانتی ئازیز ئیستانبوڵ و دواتر کوێرانە بە ناو خەڵکەکەدا تەقەیان کردووە. بورکینا فاسۆ وڵاتێکە لە ئەفریقای ڕۆژئاوا و یەکێکە لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهان، سنورەکانی باکووری لەگەڵ مالیدایە کە لەمێژە دژی چەکدارانی داعش دەجەنگێن.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG