Accessibility links

لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر کڵێسایەک لە بورکینا فاسۆ شەش کەس کوژران


بەرپرسێکی ناوخۆیی وتی کۆمەڵێک چەکدار لە هێرشێکیاندا بۆ سەر کڵێسایەک لە بورکینا فاسۆ شەش کەسیان کوشت، دوای زیادبوونی هێرشەکانی توندڕەوان لە وڵاتەکەدا ئەمەدووەمین هێرشە بۆ سەر مەسیحییەکانی وڵاتەکە.

لە بەیاننامەیەکی حکومی و سەرچاوە ناوخۆییەکاندا هاتووە دەڵێت نوێژخوێنان خەریک بوون کڵێساکەیان بەجێ دەهێشت لە شارۆچکەی دابلۆ لە باکووری وڵاتەکە کاتێک نزیکەی 20 چەکدار گەمارۆیان داون و تەقەیان لێکردوون و شەش کەسیان لێ کوشتوون.

سەرۆکی شارەوانی دابلۆ عوسمان زۆنگۆ وتی دواتر چەکدارەکان کڵێساکەیان سوتاندووە و هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆمەڵێک دوکان و دەرمانخانە و دواتر هەڵهاتوون.

بەڵام لە بەیاننامەکەی حکومەتدا هاتووە دەڵێت چەکدارەکان تەنها دوکانێک و دوو ئوتومبێلیان سوتاندووە.

لە بەیاننامەکەدا دەڵێت " ئەم گروپە تیرۆریستیانە ئێستا کە هێرش دەکەنە سەر دین تەنها بۆ ئامانجێکی پیسە ئەوەش ئەوەیە دووبەرەکیمان تیادا دروست بکەن."

هێرشە تیرۆریستیەکان لەمساڵدا لە بورکینا فاسۆ زیادیان کرد هاوکات لەگەڵ هەوڵی گروپەکانی سەر ڕێكخراوی داعش و قاعیدەدا بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیان لەسەر سنووری نێوان مالی و بورکینا فاسۆ.

لە مانگی دوانزەدا حکومەتی بورکینا فاسۆ باری نائاسایی لە زۆرێک لە هەرێمەکانی باکووری وڵاتەکەدا لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکە و مالی ڕاگەیاند بەهۆی هێرشەکانی توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە.

بەڵام لەو کاتەوە توندوتیژییەکان زیادیانکردووە، هەفتەی ڕابردوو فەڕەنسا کوژرانی دووان لە سەربازەکانی ڕاگەیاند لە ئەرکێکدا کە ئامانج لێی ڕزگارکردنی چوار دیل بوو لە بورکینا فاسۆ.

موسوڵمانەکانی بورکینا فاسۆ لە سەدا 55 بۆ 60 دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن، مەسیحییەکان لە سەدا 40. بەڵام هەردوولا بە ئاشتی لەگەڵ یەکتردا دەژین و زۆرجاریش هاوسەرگیری دەکرێت لەنێوانیاندا.

لە کۆتای مانگی چواردا کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو قەشەیەک و پێنج نوێژخوێنیان لە کڵێسایەک کوشت لە باکووری وڵاتەکە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی توندوتیژیەکان لەسەر دینن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG