Accessibility links

خانمە ڕۆژنامەوانێکی بولگاری کە لێکۆڵنەوەی لەسەر گەندەڵی کردبوو کوژراوە


کاربەدەستانی بولگاریا لێکۆڵینەوەیەکی گەورەیان دەسـتپـێکردووە لە کەیسی کوژرانی خانمە ڕۆژنامەوانێک کە لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا باسی لە گەندەڵی کردبوو.

جۆرجی جۆرجیێڤ داواکاری گشتی لە شاری ڕوسە گوتی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەموو شتێک لەبەرچاودەگرن، لەوەی ئایا تاوانی کوشتنەکە پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی ڕۆژنامەوانەکە هەبووە یان بە کارەکەیەوە.

گوتیشی تەرمی ڤیکتۆریا مارینۆڤای تەمەن 30 ساڵ لە باخێکی گشتی شاری ڕوسە دۆزرایەوە و بەپـێی پـزیشکی دادوەری لە ئاکامی کێشان بە سەریدا و خنکاندنی گیانی لەدەستداوە. باسی لەوەش کرد مۆبایل و چاویلکە و پارچەیەکی جلەکانی و کلیلی ئۆتۆمبیلەکەی دیار نەماون.

هەرچەندە هێشتا هیچ بەڵگەیەک نیـیە گومانی لێبکرێت لەسەر لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە گەندەڵی کوژرابێت، بەڵام کاربەدەستان و خەڵکی بە دوری نازانن.

بۆیکۆڵ بۆریسۆڤ سەرۆک وەزیری بولگاریا گوتی لەو بڕوایەدایە لە ماوەیەکی کورتدا سەرەداوی تاوانەکە ئاشکرادەبێت. گوتیشی باشترین شارەزایان تاوان لیکۆڵینەوە لە کەیسەکەدا دەکەن و ژمارەیەکی زۆری نمونەی DNA ی لە شوێنی تاوانەکە کۆکراونەتەوە.

ڤیکتۆریا لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی لەسەر کەناڵی TVN ی بولگاری باسی لەوە کردبوو کاربەدەستان لە نێو حکومەتی وڵاتەکەی لەو پارانەیان خواردووە کە لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە دراون بە وڵاتەکەیان. گوتویەتی کەسانی زۆر باڵا لەو گەندەڵیـیانە تێوەگلاون و 30 هەتا40% ی کۆی ئەو پارانەی یەکێتی ئەوروپا بە بولگاریای داوە، دزراون یان بە بەرتیل خوراون.

XS
SM
MD
LG