Accessibility links

ئەنجومەنی کولتوری بەریتانیا دەڵێت کارمەندێکی لە ئێران ئازادکراوە و ئەو وڵاتەی بەجێهێشتووە 


Aras Amiri ئارەس ئەمیری
Aras Amiri ئارەس ئەمیری

ڕێکخراوی ئەنجومەنی کولتوری بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کارمەندێکی ئێرانی ئەو ڕێکخراوەیە بە ناوی ئارەس ئەمیری کە لە تاران دەستگیرکرابوو و پاشان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بە ١٠ ساڵ زیندان سزادرابوو، لە ئیستادا ئازادکراوە و گەشتی بۆ بەریتانیا کردوەتەوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران هەواڵی ئازادکردنی ئارەس ئەمیری‌یان تا ئیستا پشتڕاست نەکردوەتەوە.

ئەنجومەنی بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە داوای پێداچوونەوەی پارێزەرەکانی لە دادگای باڵای ئێران سەرکەوتوو بووە. ئەمیری کاری بۆ ئۆفیسی ئەو رێکخراوەیە لە لەندەن کردوە.

پارێزەرەکەی ئەمیری بەناوی حوجەت کرمانی لە تاران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتێد پرێس، دووپاتی کردەوە کە ئەمیری ئازادکراوە و گوتیشی دادگای باڵای ئێران بڕیاری داوە کە تاوانبارکرانی ناوبراو بە سیخوڕی لە دادگای شۆڕشی ئەو وڵاتەدا هەڵبوەشێنێتەوە و بڕیارەکە دژی شەریعەتە. ئەو وردەکاری زیاتری لەوبارەیەوە نەخستە ڕوو.

کرمانی گوتی ئەمیری ڕۆژی دووشەممە تارانی جێهێشتووە و گەشتی کردوە بۆ بەریتانیا.

ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ تاوانبارکردنی ئەرەس ئەمیری ڕاگەیاند و گوتیان ناوبراو بە مەبەستی سیخوڕی سەردانی ئێرانی کردوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی کولتوری بەریتانیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کارمەندەکەی لە گەشتێکی تایبەتیدا بۆ سەردانی خێزانەکەی سەردانی ئێرانی کردوە و گەشتەکەی بە مەبەستی کاری نەبووە.

لە میانەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوادا، دەسەڵاتدارانی ئێران لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی بەریتانیای دەستگیر کردووە.

گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤ، تاران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئەو هاوڵاتیانەی بەریتانیا وەک بارمتە بە کاردەهێنێت بۆ پارە یان بۆ وەرگرتنی خاڵی زیاتر لە دانوستانەکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا و تارانیش نکۆڵی لەمە دەکات و ڕەتیدەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG