ڕۆژی چوارشەممە بەڕیتانیا ڕیچارد مۆری دیبلۆماتکاری وەکو سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دەرەوە ( MI6 ) دەستنیشان کرد.
لە ئێستادا مۆر بەڕێوبەری گشتی کاروباری سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیایە و پێشتریش وەکو بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری دەرەوە کاری کردووە و جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی بەڕیتانیاش بووە. وەرزی داهاتوو لە پۆستە نوێیەکەی دەست بەکاردەبێت و شوێن سەرۆکی ئێستای دەزگاکە ئالێکس یەنگەر دەگرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب وتی " مۆر بە ئەزموونێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە بۆ دەزگای هەواڵگری ( SIS ) و بەڕێوبەرایەتی کۆمەڵێک پیاو و ئافرەت دەکات کە گەلی بەڕیتانیا ئاگاداری هەوڵە خۆنەویستەکانیان نین، بەڵام ئەو هەوڵانە بۆ ئاسایش و سەقامگیری بەڕیتانیا زۆر یەکلاکەرەوەن."
لە مانگی یەکی ساڵی 2014 ەوە تاوەکو مانگی دوانزەی ساڵی 2017، مۆر نوێنەری بەڕیتانیا بوو لە تورکیا. مۆر لە لیبیا لە دایک بووە و فەلسەفە و سیاسەت و دارایی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد خوێندووە.
مۆر کە سەرەتا لە ساڵی 1987 دا چووە ناو دەزگای هەواڵگری دەرەوەی بەڕیتانیا ( MI6) ەوە، وتی " خۆشحاڵ و سەربەرزم داوام لێکراوە بگەڕێمەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی دەزگاکە. بە پەرۆشەوەم شان بە شانی تیمێکی ئازا و دڵسۆز لە ( SIS ) بەردەوام بم لە کارەکانم."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز