Accessibility links

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران واز لە پۆستەکەی دەهێنێت


بڕایان هوک
بڕایان هوک

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ وتی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران بڕایان هوک واز لە پۆستەکەی دەهێنێت و نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڤەنزوێلا ئیلیەت ئابرامز کاروباری ئێرانیش بەڕێوەدەبات.

دەست لەکارکێشانەوەی هوک لەکاتێکدا دێت واشنتن هەوڵ دەدات پشتیوانی وڵاتانی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەست بکەوێت بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە ئێران کە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگدانێک لەسەر ئەو بابەتە دەکەن.

بڕایان هوک چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی دەست لەکارکێشانەوەکەی ڕابگەیەنێت بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لەو بابەتەدا، هیوادارین ئەنجومەنی ئاسایش ڕێگەیەک بۆ ئەوە بدۆزێتەوە."

هێشتا ڕوون نیە ماوە فەڕمییەکەی هوک لە پۆستەکەیدا کەی تەواو دەبێت و ئایا لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە تاوەکو دەنگدانەکە دەکرێت یاخود نا. پەمپێیۆش هیچ هۆکارێکی بۆ دەست لەکارکێشانەوەی هوک نەخستەڕوو، بەڵام لە تویتێکدا وتی هوک دەیەوێت لە کەرتی تایبەتدا کاربکات.

وتیشی " هوک ڕاوێژکارێکی متمانەپێکراو و هاوڕێیەکی باشە. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا ئەنجامی مێژوویی بەدەستهێناوە و بۆتە هۆی ئازادکردنی کۆمەڵێک لەو ئەمەریکیانەی کە لە ئێران دەستگیرکرابوون."

لە کۆتای ساڵی 2018 دا هوک بووە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران و ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ چرکردنەوەی فشارەکانی سەر ئێران.

جێگرەوەکەی هوک، ئیلیەت ئابرامز لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا بووە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڤەنزوێلا و پەیڕەویی سیاسەتێکی توند دەکات کە ئامانج لێی دوورخستنەوەی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆیە لەسەر دەسەڵات، بەڵام تاوەکو ئێستا مادورۆ سوپای وڵاتەکەی لەژێر دەستدایە و ڕوسیا و چین و کوبا و ئێرانیش پشتیوانی لێدەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG