Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بەڵێنی بەهێزکردنی ئاسایش و توندکردنەوەی سزاکانی زیندان دەدات


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی سزاکانی زیندان توندتر دەکاتەوە و بەڵێنیدا ئاسایش بەهێزتر بکات، ئەمەش دوای هێرشەکەی لەندەن کە ئەنجامدەری هێرشەکە پێشتر بە تۆمەتی تیرۆر لە زینداندا بووە و پێش تەوابوونی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کراوە.

پێش دوو هەفتە لە هەڵبژاردنەکانی بەڕیتانیا بابەتە یاساییەکان و سیستمە گشتییەکانی وڵاتەکە بوونەتە تەوەری سەرەکی بەرنامەکانی هەڵبژاردن، ئەمەش دوای ئەوەی عوسمان خان ڕۆژی هەینی بە چەقۆ دوو کەسی کوشت و دواترپۆلیسی لەندەن بە فیشەک کوشتیانەوە.

پارتی پارێزگاران بە ڕابەرایەتی بۆریس جۆنسن ڕایگەیاند سەنگ دەخاتە سەر بەهێزکردنی پۆلیس و ڕێوشوێنەکانی زیندانیکردن، بەڵام پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕەخنە لە پارتی فەرمانڕەوا دەگرن بەهۆی کەمکردنەوەی بودجەی خزمەتگوزارییە گشتیەکانەوە.

جۆنسن وتی ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی 12 ی مانگی دوانزەدا سەربکەوێت ئەوا بودجەی زیاتر تەرخان دەکات بۆ سیستمی زیندانیکردن و توندکردنەوەی حوکمەکان.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لە چاوپێکەوتنێکدا لە پڕۆگرامی ئاندرۆ مار لە ڕادیۆی بی بی سی وتی " پێشنیاری سزای توندتر دەکەین بۆ سەر ئەو تاوانبارە مەترسیدارانەی کە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی و تیرۆر تۆمەتبار کراون."

وتیشی " زۆر بەداخەوەم ئەم کەسە ئازاد کراوە. شتێکی زۆر خراپە و ڕێوشوێن دەگرینەبەر لەو بارەیەوە."

جۆنسن ڕەخنەی لە پارتی کاری ئۆپۆزسیۆن گرت لەسەر ئەوەی کاتێک لەسەر کورسی دەسەڵات بوون یاسایەکیان دەرکردووە تیایدا بەپێی ئەو یاسایە ڕێگە دەدرێت بە هەندێک بەندکراو پێش کۆتای هاتنی ماوەی زیندانییەکەیان ئازاد بکرێن.

جۆنسن وتیشی بەپێی ئەم یاسایە نزیکەی 74 کەس هەن بە تۆمەتی تاوانی مەترسیدار حوکمدراون و پێش کۆتای هاتنی ماوەی زیندانییەکانیان ئازادکراون و لەژێر چاودێریدان تاوەکو نەبنە هۆی دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG