Accessibility links

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا داوا لە ڕوسیا دەکات چیتر سەقامگیری ئەوروپا تێک نەدات


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن ئەمڕۆ لەمیانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتا ڕوسیەکەیدا بە سێرجی لاڤرۆڤ ڕادەگەیەنێت کە ناکرێت پەیوەندیی هەبێت لەنێوان دوو وڵاتەکەدا ئەگەر موسکۆ نەوەستێت لە هەوڵەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیری ئەوروپا.

بۆریس جۆنسن لە مۆسکۆ کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرجی لاڤرۆڤدا لەمیانەی یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا بۆ ڕوسیا لەماوەی پێنج ساڵدا.

ئەم سەردانەش لەکاتێکدا دێت کە گرژییەکانی نێوان لەندەن و مۆسکۆ زیاتر بووە بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە سەبارەت بە ئۆکرانیا و سوریا و هەروەها بەهۆی ئەوقسانەشەوە کە گوایە ڕوسیا دەست وەردەداتە کاروباری سیاسیی کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپییەوە، ڕوسیاش هەموو ئەو قسانە ڕەت دەکاتەوە.

جۆنسن لە بەیاننامەیەکدا کە ئۆفیسەکەی بڵاویکردەوە پێش گفتوگۆکان دەڵێت " پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕوسیادا ناکرێت وەکو خۆی بمێنێتەوە لەکاتێکدا ڕوسیا هەوڵدەدات سەقامگیری وڵاتانی ئەوروپا تێک بدات لەنێویشیاندا ئۆکرانیا."

وتیشی " بەڵام گرنگە بۆ ئاسایشی نێودوڵەتی کە پێکەوە گفتوگۆ بکەین، چونکە دەرئەنجامی هەڵە لەیەک تێگەیشتن زۆر خراپە. سەردانەکەم بۆ ڕوسیا لەکاتێکی هەستیاردایە و پێویستە لەسەرمان پێکەوە کار بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ زۆرێک لە کێشە گرنگەکانی جیهان."

جۆنسن وتیشی حەز دەکات باس لە پێکەوە کارکردن بکات بۆ پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران و پێکەوە کار بکەن سەبارەت بە هەڕەشەی کۆریای باکوور و هەروەها ڕێکخستنی ئامادەکارییەکان بۆ ئاسایشی پاڵەوانێتی تۆپی پێی کاسی جیهانی کە ساڵی داهاتوو ڕوسیا میوانداری دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا ماریا زاخارۆڤا کە پێشتر ڕەخنەی توندی گرتبوو لە جۆنسن وتی بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی گفتوگۆکانی نێوان دوو وڵاتەکە بڕیاری لەندەن بووە و وتی بڕیارەکە هیچ بنەمایەکی نیە و گونجاو نیە.

کاتێکیش ڕۆژنامەنووسە ڕوسیەکان سەبارەت بە لێدوانەکەی جۆنسن کە ڕەخنە لە ڕوسیا دەگرێت پرسیاریان لێکرد ، ماری زاخارۆڤا وتی لێدوانەکان تەنها پێکەنیناوی بوون لە ڕوسیا و شایستەی ئەوە نیە بێزر ببین پێی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG