Accessibility links

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا خۆی کوارەنتین دەکات


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن و وەزیری دارایی بەڕیتانیا ڕیشی سوناک

لەکاتێکدا ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەڕیتانیا کەمدەکرێنەوە، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن خۆی کوارەنتین دەکات، ئەوەش بەهۆی توشبوونی وەزیری تەندروستی وڵاتەکە ساج جاڤیدەوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

وتەبیژی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕایگەیاند بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیر و وەزیری دارایی بەڕیتانیا ڕیشی سوناک بەرککەوتنیان هەبووە لەگەڵ توشبوویەکی ڤایرۆسەکەدا، ئەوەش دوای کۆبوونەوەکەی ئەم هەفتەیەیان لەگەڵ وەزیری تەندروستی بەڕیتانیا ساجد جاڤیددا.

وتەبێژەکە لە سەرەتادا وتی جۆنسن و سوناک بەتەواوەتی خۆیان کوارەنتین ناکەن چونکە " بەشداری پڕۆگرامێکی ئەزموونی دەکەن بۆ پشکنینە ڕۆژانەییەکان بۆ دۆزینەوەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەرەوەها ڕێگەیان پێدەدرێت بەردەوام دەبن لە کارەکانیان لە داونینگ ستریت."

بەڵام دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە ڕەخنەی لەو ڕاگەیاندنە گرت و وتی حکومەت لە خۆیەوە یاسا " لەسەروو یاساوە " دادەنێت، ئۆفیسی سەرۆک وەزیر ڕایگەیاند " جۆنسن و سوناک بەتەواوەتی پابەندی کوارەنتین دەبن."

جێی ئاماژەیە بەڕیتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە زۆرترین زیانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرکەوتووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە زیاتر لە 128,000 حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکردووە. لەم هەفتانەی دوایشدا ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا خێراتر بڵاوبۆوە و ڕۆژانە زیاتر لە 54 هەزار حاڵەتی توشبوون تۆمارکراوە.

سەرەڕای زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لەم هەفتەیەدا جەختی لەوە کردەوە لە ڕۆژی دووشەممەوە زۆرینەی ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لادەبرێن. لەو ڕێوشوێنانەش هەڵوەشاندنەوەی بەکارهێنانی دەمامک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی. ئاماژەشی بەوەدا پێی باشترە " هەرکەسە و لەلای خۆیەوە " خۆی لە ڤایرۆسەکە بپارێزێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG