Accessibility links

بۆڵتن: هیوادارم کۆشکی سپی ڕێگری نەکات لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکەم


ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی کۆشکی سپی ڕێگری بکات لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی کە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە و ئاماژەی بەوەدا پێویستە بتوانێت وەڵامی ئەو تویتانە بداتەوە کە سەرۆک ترامپ سەبارەت بەو بڵاوییان دەکاتەوە.

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە دادگاییکردنەکەیدا لە ئەنجومەنی سینات بێتاوان دەرخرا، ئەمە یەکەمین لێدوانی ئاشکرای جۆن بۆلتنە لە زانکۆی دیوک لە ویلایەتی نۆرث کارۆلاینا. وتیشی " هیوادارم لە کۆتاییدا بتوانم کتێبەکە بڵاوبکەمەوە، هیوادارم ڕێگری لێنەکەن."

کاتێک سەبارەت بە تویتەکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بەو پرسیاری لێکرا وتی " سەرۆک ترامپ تویت بڵاودەکاتەوە بەڵام من ناتوانم وەڵامی بدەمەوە، ئایا ئەمە دادپەروەرییە؟."

لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا بۆڵتن وازی لە پۆستەکەی هێنا وەکو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییەکانیەوە بوو لەگەڵ سەرۆک ترامپدا.

سەرۆک ترامپ دەڵێت بۆڵتنی لەکارەکەی دوورخستۆتەوە بەڵام بۆڵتن دەڵێت خۆی دەستی لەکارەکەی کێشاوەتەوە.

کۆشکی سپی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بە بۆڵتنی ڕاگەیاند کتێبەکە بڕێکی زۆر زانیاریی نهێنی تێدایە و ناتوانرێت لە ئێستادا بڵاوبکرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG