Accessibility links

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا سەردانی ڕوسیا دەکات


ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن
ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن ئەمڕۆ سەردانی مۆسکۆ دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ و لەوانەشە لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆببێتەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ ڕێگە خۆشکردن لەبەردەم کۆبوونەوە لوتکەکەی نێوان پوتن و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا.

وابڕیارە جۆن بۆڵتن دوای کۆبوونەوەکانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز بکات و لەوێدا بەروار و شوێنی کۆبوونەوە لوتکەکە ڕابگەیەنێت کە چەند مانگێکە کرێملن هەوڵدەدات ئەو کۆبوونەوەیە ڕێکبخات.

جێی ئاماژەیە لە مانگی سێدا سەرۆک ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا پیرۆزبایی لە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن کرد بەهۆی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا و وتی بەمزووانە کۆدەبنەوە. بەڵام ڕوسەکان لەو کاتەوە گومانیان هەبووە لەسەر قورسی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە.

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا چۆتە خراپترین ئاستییەوە لە دوای جەنگی ساردەوە. دوو وڵاتەکە لە ناکۆکیدان لەسەر کۆمەڵێک بابەت لەوانەش سوریا و ئۆکرانیا و تۆمەتەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕوسیا سەبارەت بە دەستوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا و هەروەها تۆمەتبارکردنی ڕوسیا بە تۆمەتی ژەهراویکردنی سیخوڕەکەی پێشووی ڕوسیا لە بەڕیتانیا. بۆیە پێشبینییەکان لەبارەی ئەنجامەکانی کۆبوونەوە لوتکەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و پوتن زۆر گەورە نین، بێجگە لەوەی کە سەرۆک ترامپ پێش ئەوەی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێت وتی حەز دەکات پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا باشتر بکات.

ڕۆژی سێشەممە کرێملن وتی حەز دەکات گفتوگۆ بکات لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و جێگیری و نەهێشتنی چەکە قەدەغەکراوەکان و بابەتە هەرێمییەکان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە. هەروەها ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک ترامپ و پوتنی بەدوور نەزانی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG