Accessibility links

بۆڵتن: گرێبەستی موشەکە ڕوسییەکان بۆ سوریا مەترسییەکی گەورەیە


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن وتی پلانەکانی ڕوسیا بۆ پیدانی سیستمی موشەکی ئێس-300 بە سوریا دەبێتە هۆی مەترسییەکی گەورە بۆ ناوچەکە و مۆسکۆ دروستی دەکات، هیوای خواست حکومەتی ڕوسیا چاو بخشێنێتەوە بە بابەتەکەدا.

ڕوسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند سیستمی موشەکی زەوی بۆ ئاسمان دەدات بە سوریا، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایی ئیسڕائیل کە هەفتەیەک لەمەوپێش ڕوسیا تۆمەتباری کرد بەوەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هۆکار بووە لە خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕوسییەکەدا لە سوریا.

بۆڵتن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێمان وایە بە پێدانی سیستمی موشەکی ئێس-300 بە سوریا، مۆسکۆ مەترسییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات، ئەگەر ئەم هەواڵانە ڕاست بن ئەوا هیوادارین ڕوسەکان چاو بخشێننەوە بە بابەتەکەدا."

وتیشی " نابێت ئەوە بکرێت، لایەنی بەرپرسیار لە هێرشەکانی ناو سوریا و لوبنان کە بەرپرسی سەرەکیش بوو لە خستە خوارەوەی فڕۆکە ڕوسییەکەدا، ئێرانە."

بۆڵتن لەگەڵ ئەوەشدا هۆشیاریدایە حکومەتی سوریا لەسەر بەکار‌هێنانی چەکی کیمیایی و وتی ئەگەر هاتوو چەکی کیمیایی بەکار بهێنن ئەوا وەڵامدانەوەی ئەمەریکا زۆر بەهێز دەبێت.

بۆڵتن وتی " ئەگەر دووبارە هەڵەی ئەوە بکەن جارێکی دیکە چەکی کیمیایی بەکاربهێنن ئەوا وەڵامدانەوەی ئەمەریکا لە جاری پێشووتر بەهێزتر دەبێت."

بۆڵتن وتی ئەمەریکا ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات تاوەکو گرەنتی ئەوە وەربگرێت کە سوریا چەکی کیمیایی بەکار نەهێنێت و وتیشی لە هەمان کاتدا فشاریشمان خستۆتە سەر ڕوسیا لەسەر ئەو بابەتە.

بۆڵتن ئاماژەی بەوەدا پێویستییەک هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی، بەڵام وتیشی پلانەکانی روسیا سەبارەت بە سیستمە موشەکییەکە دۆزینەوەی ئەو چارەسەرە زۆر قورس دەکات. وتیشی هەتاوەکو ئێران لە سوریادا بمێنێتەوە، هێزەکانی ئەمەریکاش لەوێ دەمێننەوە.

بۆڵتن وتی " هەتاوەکو هێزەکانی ئێران لە دەرەوەی سنووری ئێران بن بە بریکارەکانیان و میلیشیاکانیشیانەوە، ئەوا ئێمە ناڕۆین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG