Accessibility links

چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بۆ جاری دووهەم بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە حکومەت سزا دەدرێت


ژیلا کەرەمزادە مەکوەندی، چالاکوانی مەدەنی و رەخنەگر لە حیجابی زۆرەملێ لە ئێران، ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن دادگایەکی ئێرانەوە بە هۆی دەربڕینی رای خۆی و بەشداریکردنی لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوو، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا درا. حوکمەکە لە 28 مانگی 9دا بە خۆی و پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەکی ئاگادار و نزیک لە ژیلا کەرەمزادە مەکوەندی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کەرەمزادە لە دادگایییەکی کورتدا لە 7ی مانگی 9 لە لقی 29ی دادگای ئینقلابی تاراندا، لە لایەن دادوەر سەید عەلی مەزلووم-ەوە بە تۆمەتی " کۆبوونەوە و تەبایی کردن بە مەبەستی تاوان کردن لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی " و " پڕوپاگەندە کردن لە دژی دەوڵەت " بە شەش ساڵ زیندانی کردن سزادراوە .

بابەک پاکنیا، پارێزەری کەرەمزادە مەکوەندی، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە ڕێگای تویتەری خۆیەوە، سزاکەی ئەم چالاکوانە مەدەنییەی پشتڕاستکردەوە.

سزاکە، سزای کۆتایی نییە و کەرەمزادە مەکوەندی و پارێزەرەکەی لە کۆتایی مانگی 9 دا داوای دادگاییکردنەوە و پێداچۆنەوەیان بۆ سزاکە کردووە.

ئەمە جاری یەکەم نییە ژیلا کەرەمزادە مەکوەندی دەستگیر دەکرێت و بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەردەکرێت، بەڵکو پێشتریش لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2009 دا، کە بە بزوتنەوەی سەوز ناسراوە ، دەستگیرکرابوو. ئەو کاتەش کەرەمزادە بە تۆمەتی "گردبونەوە و کاری تەبایکردن بە نیازی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی ناوخۆ" تاوانبار کرا و سزاکەی لە زیندانی ئەوەین بەسەر برد.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و حکومەتی ئەمەریکا، کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی تۆمەتبار کردووە و داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەوانانیان کردووە کە تەنها بە هۆی ئەنجامدانی پیشەکەیانەوە، زیندانی کراون.

XS
SM
MD
LG