Accessibility links

بلینکن دەڵێت جیهان بەبێ نەسڕوڵا پارێزراوترە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی جیهان ئێستا پارێزراوترە دوای ئەوەی ئیسڕائیل حەسەن نەسڕوڵای کوشت، نەسڕوڵای بە " تیرۆریستێکی دڕندە " ناوبرد و هاوکات جەختی لەوە کردەوە دیبلۆماسی باشترین دەرفەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ سەقامگیری.

بلینکن لە واشنتن سەبارەت بە سەرکردە کوژراوەکەی حزبوڵا حەسەن نەسڕوڵا وتی " ناوچەکە و جیهان بەبێ ئەو پارێزراوترن."

وتی " حەسەن نەسڕوڵا تیرۆریستێکی دڕندە بوو کە زۆرێک لە قوربانییەکانی بریتی بوون لە ئەمەریکاییەکان و ئیسڕائیلییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی لوبنان و هاووڵاتیانی مەدەنی سوریایی و زۆرێکی دیکەش." لێدوانەکەی بلینکن لە ماوەی دەستپێکی کۆبوونەوەیەکی وڵاتانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بوو دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.

وتی " لە ماوەی سەرکردایەتییەکەیدا، حزبوڵا خەڵکی لە سەرانسەری ناوچەکە تیرۆر دەکرد و ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی لوبنان دەکرد وەک وڵاتێک."

وتیشی سەرەڕای پەرەسەندنی بەرچاوی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا لە لوبنان، ئەمەریکا هێشتا باوەڕی وایە دیبلۆماسی باشترین ڕێگەیە بۆ پێشەوە بۆ ناوچەکە.

وتی " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانماندا لە ناوچەکە و لە سەرانسەری جیهانیشدا بۆ بەرەوپێشبردنی چارەسەرێکی دیبلۆماتی کە ئاسایشێکی ڕاستەقینە بدات بە ئیسڕائیل و بە لوبنان و هەروەها ڕێگە بە دانیشتوانی هەردوو دیوی سنووری دوو وڵاتەکە بدات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان."

وتیشی " بە هەمان شێوە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززە کە ببێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان و کەمکردنەوەی شەڕەکە لە غەززە و پاراستنی ئەگەری ئاشتییەکی بەردەوام بۆ سەرانسەری ناوچەکە."

وتی دیبلۆماسی هێشتا " باشترین و تەنها ڕێگەیە بۆ بە دەستهێنانی سەقامگیرییەکی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. واشنتن پابەندە بەوەوە کە بەپەلە ئەم هەوڵانە بەرەوپێشەوە ببات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG