Accessibility links

تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوەڕاستی بەڕیتانیا دوکانێک و ماڵێک وێران دەکات


پۆلیسی بەڕیتانیا ڕایگەیاند مامەڵە لەگەڵ ڕووداوێکی گەورەدا دەکات دوای ئەوەی تەقینەوەیەکی بەهێز دوکانێک و ماڵێکی وێران کردووە لە لێستەر لە ناوەڕاستی وڵاتەکەدا.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەموو دەزگاکانی فریاکەوتن ئێستا لەگەڵ ڕووداوەکەدا مامەڵە دەکەن. داوا دەکەین کەس لە ناوچەکەدا نەمێنێت."

وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان پیشانی دەدەن کە ئاگر بە ئاسمانی شارەکەدا بەرز دەبێتەوە و هەندێک لە شایەتحاڵان دەڵێن دووکانەکە گەورە بووە و ماڵەکەش بەتەواوەتی وێران بووە.

بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی شارەکە وتی شەش ئوتومبێلی ئاگرکوژێنەوەمان ناردووە بۆ شوێنی ڕووداوەکە و هەواڵی ڕوودانی تەقینەوەیەکی بەهێز و ڕووخانی بینایەکمان بەدەست گەیشتووە.

پیاوانی ئاگرکوژێنەوە لە ژووری کۆنترۆڵی شارەکە وتیان " پێش کاتژمێرێک تەلەفونمان بۆ هات و هەواڵی تەقینەوەیەکی بەهێز و ڕووخانی بینایەکمان پێگەیشت."

پۆلیس وتیشی تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی نەدۆزیوەتەوە لەسەر ئەوەی ڕووداوەکە کردەوەیەکی تیرۆریستی بووبێت.

وتیشی بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەدا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە دەکەن.

هەروەها سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکە، پۆلیسی بەڕیتانیا وتی چوار کەس لە تەقینەوەکەی شاری لیستەردا گیانیان لەدەستداوە.

ئەفسەری پۆلیسی شاری لیستەر شین ئۆنیڵ وتی " پێمان وایە هێشتا خەڵکانێک هەن لە ناوەوە نازانین چیان بەسەر هاتووە و هەوڵەکانی گەڕان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی قوربانیانی دیکە."

ڕۆژنامەی لێستەر مێرکوری لە زاری دانیشتوویەکی ناوچەکەوە کە ماڵەکەی تەنها چەند شەقامێک دوورە لە شوێنی ڕووداوەکەوە بڵاویکردەوە " گوێمان لە دەنگی تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز بوو. زۆر ترسناک بوو."

وتیشی " ڕامان کردووە بۆ لای پەنجەرەکانی نهۆمی سەرەوە و دووکەڵێکی زۆرمان بینیوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG