Accessibility links

بایدن دەیەوێت گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەهێڵێت


ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپیدا کۆبووەوە و قسەشی لەگەڵ پاشای ئورندا کرد لە هەوڵێکیدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هاوکات سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو هۆشداریدا و وتی ئەگەر ئیسڕائیل لەلایەن ئێران یاخود لایەنگرەکانییەوە هێرشی بکرێتەسەر ئەوا " باجێکی قورسی " لێدەکەوێت.

کۆشکی سپی وتی ئەمەریکا پابەندە بە ڕێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەستەوە لە غەززە. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوە و سەرچاوە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کێربی وتی " هێشتا باوەڕمان وایە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست باشترین ڕێگەیە بۆ کۆتایی هێنان بەم جەنگە. هەروەها باوەڕمان وایە ئەوە ڕێی تێدەچێت. هێشتا باوەڕمان وایە بۆشاییەکان زۆر کەمبوونەتەوە. ئەوەی کە لە 7 ی مانگی 10 ەوە کردوومانە ئەوە بووە کە دڵنیا بینەوە لەوەی نەک تەنها ئیسڕائیل ئەوەی هەبێت کە پێویستییەتی بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەڵکو ئەوەش کە ئەم جەنگە پەرەنەسەنێت و نەبێتە شتێکی فراوانتر."

ناتاشا هۆڵ لە پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان دەڵێت " پێم وایە یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئەمە ترسناکە، بۆ هەمووان، ئەوەیە کە ڕوون نیە ئەمەریکا دەتوانێت چی بکات کاتێک لە لێواری ئەمەداین."

داکۆکیکاران لە کۆمەڵگەی موسوڵمانانی ئەمەریکا کە ڕەخنەیان لە پشتیوانییەکەی بایدن گرتووە بۆ ئیسڕائیل، دەڵێن واشنتن دەبێت هەڵوێستێکی توندی هەبێت لەسەر دوژمنکارییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە.

بەڕێوبەری وەزارەتی کاروباری حکومەت لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسلام ڕۆبەرت مککاو دەڵێت " ئەمەریکا ئامڕازێکی زۆری دیبلۆماتی و سیاسیی هەیە بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لە ئیسڕائیل بکات، ئەوەش دەکرێت یان لە ڕێی ڕاگرتنی یارمەتییەکان و تەقەمەنی و چەک و پشتیوانییە سیاسییەکەیەوە بێت یاخود لە ڕێی سزادانی نیشتەجێیە ڕاستە توندڕەوەکانی ئیسڕائیلەوە بێت کە بەشداربوون لە توندوتیژییەکاندا."

نەتانیاهو دەڵێت ئیسڕائیل ئامادەیە بۆ ئاستەنگییەکان.

نەتانیاهو وتی " ئێران و لایەنگرەکانی هەوڵی گەرمارۆدانمان دەدەن بە تیرۆر لە حەوت بەرەوە. دوژمنکارییە بینراوەکەیان چاوبرسییە، بەڵام ئیسڕائیل دەستەوەستان نیە. ئێمە سوورین لە بەگژداچوونەوەیان لە سەرجەم بەرەکاندا، لە هەر گۆڕەپانێکدا بێت لە دوور بێت یان لە نزیک. هەر کەسێک هاووڵاتیانمان بکوژێت، هەر کەسێک زیان بە وڵاتەکەمان بگەیەنێت، ئەوا سزا دەدرێت. باجێکی زۆر قورس دەدات."

لە کاتێکدا کە نزیکەی 40,000 کەس کوژراون و غەززەش کاول بووە و لوبنان و ئێرانیش لە ئامادەباشیدان، جیهان چاوەڕێ دەکات بزانێت دواتر چی ڕوودەدات.

ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە بایدن کرد سەبارەت بە یەکێک لە یاریکەرە سەرەکییەکان لە ململانێکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرسی " پێت وایە ئێران واز دەهێنێت؟

بایدن وتی " هیوادارم. نازانم."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG