کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیاندا جەختی لە گرنگی ستراتیژیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیماڕات و ئیسڕائیل کردۆتەوە.
لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا ئیماڕات و ئیسڕائیل ڕێکەوتن لەسەر بەستنی پەیوەندیی فەڕمی لەنێوانیاندا، ئەوەش بە نێوەنگری ئەمەریکا، هەردوو وڵاتیش ترسی هاوبەشیان هەیە لەسەر ئێران.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە بایدن و شێخ محەمەد بن زاید تاوتوێی " هەڕەشە ناوەکی و هەرێمییەکانی ئێرانیان کردووە، هەروەها باسیان لە هەوڵە هاوبەشەکانیان کردووە لەپێناو ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
وتیشی " بایدن پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەم بابەتانە دەربڕیوە."
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت بایدن و شێخ محەمەد بن زاید تاوتوێی ڕەوشی ئەفغانستان و قەیرانە مرۆییەکەی هەرێمی تیگرای ئیسیوپیاشیان کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز