Accessibility links

کۆتای هاتنی کۆبوونەوەکەی نێوان بایدن و کۆمارییەکان بەبێ ڕێکەوتن


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندامانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا سەبارەت بە پلانی بوژاندنەوەی ئابووریی وڵاتەکە کۆبوونەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێکەوتنێک کۆتای هات.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەوڵدەدات پلانەکەی بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە کە بڕەکەی 1,9 تریلیۆن دۆلارە پەسەند بکات، بەڵام کۆمارییەکان ئاماژەیان بەوەدا پشتیوانی لە پلانێکی وەها گەورە ناکەن.

ڕۆژی یەکشەممە کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان کە ژمارەیان 10 ئەندام بوو پلانێکی جێگرەوەیان پێشنیار کرد کە بڕەکەی 600 ملیار دۆلارە، لە وەڵامدا بایدن بانگهێشتی کردن بۆ کۆشکی سپی تاوەکو تاوتوێی پێشنیارەکە بکەن.

بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا نەگەیشتن بە هیچ ڕێکەوتنێک، لەلای خۆیەوە سیناتۆری کۆمارییەکان سوزان کۆڵێنز کۆبوونەوەکەی بە کۆبوونەوەیەکی " زۆر بەسوود و ڕاشکاو " ناودێر کرد تەنانەت کە ئەگەر ئەنجامیشی نەبووبێت.

بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ناتوانم بڵێم ڕێکەوتووین لەسەر پلانەکە، کەس پێشبینی ئەوەی نەکردووە لە کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێریدا ڕێکبکەوین."

ئەندامانی کۆمارییەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەدا " ڕاوبۆچوونەکانمان ئاڵۆگۆڕکرد و بەردەوام دەبین لە قسەکردن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنەکەشدا. " ئەمەش لەپێناو گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە کە هەردوو حیزبەکە لەسەری هاوڕا بن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG