Accessibility links

بایدن " هیوادارە " لە مانگی حەوتدا لەگەڵ پوتندا کۆببێتەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هیوای خواست لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەوروپا لە مانگی حەوتدا چاوی بە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بکەوێت.

بایدن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەی لەگەڵ پوتندا وتی " هیوادارم ئەوە ببێت و پێشبینی دەکەم ڕووبدات." وتیشی " کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین."

لە مانگی حەوتدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن یەکەمین گەشتی خۆی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەوروپا دەکات، سەرەتا سەردانی بەڕیتانیا دەکات تاوەکو بەشداری لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتدا بکات، دواتریش سەردانی بەلجیکا دەکات و لەوێ ئامادەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت بە ئامانجی ئەوەی چاوی بە ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا بکەوێت.

لە ناوەڕاستی مانگی چواردا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پێشنیارێکی بۆ پوتن کرد و داوای کرد کۆببنەوە. لەلای خۆیەوە مۆسکۆ گرنگی بەو پێشنیارەی بایدندا، بەڵام دوای ئەوە بەخێرایی دوو وڵاتەکە سزایان بەسەر یەکتردا سەپاند.

لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا لە نزمترین ئاستدایە و هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار، لەوانەش بابەتی ئۆکرانیا و تۆمەتەکانی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان و ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی و دواتریش چارەنوسی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنی کە لە ئێستادا بەندکراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG