Accessibility links

بایدن بە هۆکاری ئاسایشی نیشتمانی پێشنیاری قەدەغەکردنی ئوتومبێلی چینی دەکات


وەزارەتی ئابووری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە پێشنیاری قەدەغەکردنی ئەو سۆفتوێر و هاردوێرە چینییانەی کرد کە بەستراون بە ئوتومبێلەکانەوە، ئەوەش بە هۆکاری نیگەرانییەکان لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگە کاریگەرانە هاتنە ناوەوەی نزیکەی سەرجەم ئوتومبێلە چینییەکان بۆ ناو بازاڕی ئەمەریکا قەدەغە بکات.

یاسا پلان بۆ داندراوەکە کە سەرەتا لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە، کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانی دروستکردنی ئوتومبێلیش ناچار دەکات لە چەند ساڵی داهاتوودا سۆفتوێر و هاردوێرە چینییەکان لە ئوتومبێلەکانییان لە ئەمەریکا لاببەن.

بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا باسی لە نیگەرانییەکان کرد سەبارەت بە کۆکردنەوەی زانیاری شۆفێرانی ئەمەریکایی و ژێرخانەکان لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە، ئەوەش لە ڕێی ئوتومبێلە بەستراوەکان و ئەگەری یاریکردن بەو ئوتومبێلانەوە کە بەستراون بە ئینتەرنێتەوە. کۆشکی سپی لە مانگی دوودا فەرمانیکرد لێکۆڵینەوەیەک بکرێت لەسەر ئەگەری مەترسییەکانی ئەو بابەتە.

قەدەغەکردنەکە تاقیکردنەوەی ئەو ئوتومبێلانەش لە ئەمەریکا قەدەغە دەکات کە خۆیان بەبێ شۆفێر دەڕۆن و چینین، هەروەها ئەو سۆفتوێر و هاردوێرانەش قەدەغە دەکات کە لەلایەن دوژمنە بیانییەکانی دیکەی ئەمەریکاوە وەکو ڕووسیا بەرهەم دەهێندرێن.

وەزیری ئابووری ئەمەریکا جینا ڕایمۆندۆ وتی " کاتێک دوژمنە بیانییەکان سۆفتوێرێک دروست دەکەن بۆ دروستکردنی ئوتومبێلێک، ئەوا مانای ئەوەیە کە دەتوانن بۆ چاودێریکردن بەکاری بهێنن و دەتوانن لە دووریشەوە کۆنتڕۆڵی بکەن، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر تایبەتمەندی و پارێزراویی ئەمەریکاییەکان لەسەر شەقامەکان."

وتیشی " لە خراپترین حاڵەتیشدا، دوژمنێکی بیانی دەتوانێت ئەو ئوتومبێلانەی کە دروستی کردوون و لە ئەمەریکان لە یەک کاتدا بیانکوژێنێتەوە یاخود کۆنتڕۆڵییان بکات، ئەوەش دەبێتە هۆی ڕوودانی بەریەککەوتن و وەرگەڕان."

ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا زیادکردنە بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی کە پێشتر دژی ئوتومبێلە چینییەکان و سۆفتوێر و پارچەکانی دیکە گرتوویەتییەبەر. پێشتر لەم مانگەدا بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن باجێکی گومرگی زۆری دانا لەسەر هاوردەکردنی کەلوپەلی چینی، باجی لە سەدا 100 ی خستەسەر ئوتومبێلە کارەباییەکان و پاترییەکانی ئوتومبێلی کارەبایی و پارچەکانی دیکەی.

ژمارەیەکی کەم لە ئوتومبێلی چینی هاوردەی ئەمەریکا کراون، بەڵام ڕایمۆندۆ دەڵێت وەزارەتەکەی لەوبارەیەوە کار دەکات " پێش ئەوەی دابینکەران و کۆمپانیاکانی ئوتومبێلی پەیوەست بە چین یاخود ڕووسیا ببنە شوێنێکی باو و بەربڵاو لە کەرتی ئوتومبێلی ئەمەریکادا. چاوەڕێ ناکەین تاوەکو ئەو کاتەی شەقامەکان پڕ دەبن لەو جۆرە ئوتومبێلانە و مەترسییەکە زۆر گەورەتر دەبێت."

بە نزیکەیی سەرجەم ئوتومبێلە نوێیەکان دەتوانرێت ببەسترێنەوە بە ئینتەرنێتەوە و هاردوێرێکی تێدایە کە ڕێگە دەدات ئوتومبێلەکە ببەسترێت بە ئینتەرنێتەوە، ئەوەش وادەکات ئوتومبێلەکان بتوانن داتاکان هاوبەش بکەن لەگەڵ ئامێرەکانی ناو ئوتومبێلەکە و دەرەوەی ئوتومبێلەکەشدا.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە پێشنیارەکە سەرجەم ئوتومبێلە چینییەکان لە بازاڕی ئەمەریکادا قەدەغە دەکات، بەڵام ئاماژەشی بەوەدا کە کۆمپانیا چینییەکانی دروستکردنی ئوتومبێل دەتوانن هەوڵی دەستکەوتنی " مۆڵەتێکی دیاریکراو " بدەن تاوەکو ئەو یاسایە نەیانگرێتەوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان وتی ئەمەریکا بەڵگەی زۆری هەیە لەسەر ئەوەی چین پێشوەخت ماڵوێر " بەرنامە زیانبەخشەکانی " دەخاتە ناو ژێرخانە هەستیارەکانی ئەمەریکاوە.

مانگی ڕابردوو باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن ڕەخنەی لە پلانەکە گرت بۆ سنووردارکردنی هاوردەکردنی ئوتومبێلی چینی بۆ ئەمەریکا. وتی " چین داوا لە ئەمەریکا دەکات بە جددی پابەندی بنەماکانی بازاڕ و یاساکانی بازرگانی نێودەوڵەتی بێت و بوارێکی یاریکردن دروست بکات بۆ کۆمپانیاکانی سەرجەم وڵاتان. چین بە توندی بەرگری لە مافە یاسایی و بەرژەوەندییەکانی دەکات."

پێشنیارەکە داوا دەکات لە ساڵی 2027 ەوە ئەو سۆفتوێرانە قەدەغە بکرێن و قەدەغەکردنی هاردوێرانەکانیش لە ساڵی 2030 ەوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی ئابووری ئەمەریکا 30 ڕۆژ دەدات بە خەڵکەکە تاوەکو لێدوان لەسەر پێشنیارەکە بدەن و هیوادارە تاوەکو 20 ی مانگی یەک پەسەند بکرێت. ئەم یاسایانە بەسەر سەرجەم ئەو ئوتومبێلانەدا جێبەجێ دەکرێت کە بەسەر شەقامە گشتییەکاندا دەڕۆن، جگە لە ئوتومبێلەکانی کشتوکاڵی چونکە ئەوانە ناچنە سەر شەقامە گشتییەکان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG