Accessibility links

بایدن لەگەڵ سەرۆکی ئیندۆنیسیا کۆدەبێتەوە و گوێبیستی بۆچوونی جیهانی موسوڵمانان دەبێت لەسەر غەززە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ئیندۆنیسیا جۆکۆ ویدۆدۆ، لوتکەی کۆمەڵەی بیست ، بالی، ئیندۆنیسیا 16 ی 11 ی 2022
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ئیندۆنیسیا جۆکۆ ویدۆدۆ، لوتکەی کۆمەڵەی بیست ، بالی، ئیندۆنیسیا 16 ی 11 ی 2022

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئیندۆنیسیا جۆکۆ ویدۆدۆدا کۆدەبێتەوە و گوێبیستی بۆچوونی جیهانی موسوڵمانان دەبێت لەسەر جەنگەکەی ناو غەززە.

ویدۆدۆ لە واشنتنە و مەبەست لە سەردانەکەی گەشەپێدانە بە پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان بۆ " هاوبەشییەکی گشتگیری ستراتیژی ".

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل و ویدۆدۆش داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ دەکات لە غەززە و پشتگیری لە کۆمسیۆنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بەڵگەی کۆکردووەتەوە لەسەر تاوانی جەنگ کە گوایە لە هێرشەکەی 7 مانگی 10 ی حەماسەوە تاوەکو ئێستا لەلایەن حەماس و ئیسڕائیلیشەوە ئەنجام دراون.

کۆبوونەوەکەی ویدۆدۆ دوای بەشداریکردنی دەبێت لە لوتکەکەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە ڕیازی سعودیە بەڕێوەچوو.

لوتکەکە 57 وڵاتی زۆرینە موسوڵمانی پێکەوە کۆکردەوە، بە وڵاتانی کۆمکاری عەرەبیشەوە. لە ڕاگەیاندنە هاوبەشەکەی وڵاتە موسوڵمانەکاندا بیانووەکەی ئیسڕائیل بۆ کارەکانی لە غەززە ڕەتکرایەوە، کە دەڵێت وەکو بەرگریکردنێکە لە خۆی. هەروەها داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێیان کرد. داواشیان کرد فرۆشتنی چەک بە ئیسڕائیل ڕابگیرێت و گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە زیاتر بکرێت.

ویدۆدۆ لە واشنتن بە ڕۆژنامەنووسانی وت پەیامی لوتکەکەی وڵاتانی موسوڵمان بە بایدن دەگەیەنێت، " دەبێت ئیسڕائیل بەرپرسیارێتی ئەو کارە دڕندانەی کە ئەنجامیداون هەڵبگرێت."

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن بە دەنگی ئەمەریکای وت " سەرۆک بایدن بە وریاییەوە گوێبیستی ئەوە دەبێت کە سەرۆک ویدۆدۆ بیستوویەتی و هەروەها گوێبیستی دەبێت بزانێت بۆچوونەکانی چین لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی کە لە سعودیە لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی دیکەی عەرەب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کراون."

لە کاتێکدا کە بۆشایییەکی گەورە هەیە لە نێوان دوو سەرۆکەکەدا سەبارەت بە داواکان بۆ ئاگربەست، کە ئەمەریکا دەڵێت باوەڕی وایە ئاگربەست لەم کاتەدا سوودی بۆ حەماس دەبێت، واشنتن هەوڵی دۆزینەوەی خاڵێکی هاوبەش دەدات لەگەڵ ئیندۆنیسیادا. ئیندۆنیسیا کارەکتەرێک نیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکو میسڕ و ئوردن و قەتەڕ، کە کلیلی سەرەکی ئامانجەکانی ئەمەریکان بۆ چەندین بابەت، لەوانەش ئازادکردنی بارمتەکان و دامەزراندنی ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ ناو غەززە.

وەک گەورەترین وڵاتی زۆرینە موسڵمان، دەنگی جاکارتا کاریگەریی لەسەر پلانە مامناوەند و درێژخایەنەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا هەیە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان و کارکردن بەرەو ڕێگایەک بۆ ئاشتی. نزیکەی 229 ملیۆن موسوڵمان لە ئیندۆنیسیا دەژین کە لە سەدا 87 ی دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن. ئەمەش لە سەدا 13 ی کۆی دانیشتوانی موسڵمانی جیهان دەکات.

بەرپرسەکە وتی " تەنها ئاشتی، چارەسەری دوو دەوڵەت، سەرچاوەی سەرەکین کە پێویست دەبن بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێدانی هیوا بە ژیانە شکاوەکان. پێم وایە ئەوانە کۆمەڵە بوارێکن کە ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردن دەکەین لەسەرییان لە نزیکەوە لەگەڵ ئیندۆنیسیادا، بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی پێشەنگی ئەو وڵاتە."

وەکو زۆرێک لە وڵاتانی موسوڵمان، ئیندۆنیسیا لە مێژە یارمەتی مرۆیی بۆ فەلەستینییەکان دابین دەکات، یەکێک لەو یارمەتییانەش نەخۆشخانەیەکە لە باکووری غەززە. بەڕێوبەرەکانی نەخۆشخانەکە بە دەنگی ئەمەریکایان وت دەوروبەری نەخۆشخانەکە لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە لێیاندراوە و بەهۆی نەبوونی پێداویستی و سوتەمەنییەوە لە لێواری ڕووخاندایە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG