Accessibility links

بایدن جەنەڕاڵێکی پێشوو بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا دیاری دەکات


لوەید ئۆستن

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن لوەید ئۆستنی جەنەڕاڵی پێشووی خانەنشینکراوی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا دیاریدەکات، ئەمەش بەپێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا.

ئەگەر هاتوو کۆنگرێسی ئەمەریکا لوەید ئۆستن بۆ ئەو پۆستە پەسەند بکات، ئەوا یەکەمین وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەبێت کە بەڕەچەڵەک ئەفریقی بێت.

جەنەڕاڵ لوەید ئۆستنی تەمەن 67 ساڵ لە جەنگەکانی عێراق و ئەفغانستاندا بەشداری کردووە، ئەوەش پێش ئەوەی ببێتە یەکەمین ڕەشپێست سەرکردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەدەست.

گۆڤاری پۆلێتیکۆ وتی پێدەچێت ڕۆژی سێشەممە بایدن بە فەڕمی دەستنیشانکردنەکەی ڕابگەیەنێت، هەریەک لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و کەناڵی ئەی بی سی هەواڵی دیاریکردنی لوەید ئۆستنیان بۆ ئەو پۆستە پشتڕاست کردەوە، بەڵام تیمەکەی بایدن هێشتا هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

بایدن لە سەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا لەگەڵ ئۆستندا کاری کردووە، لەکاتێکدا کە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ساڵی 2011 ی ئۆباما کرد بۆ کشاندنەوەی 50 هەزار سەربازی ئەمەریکی لە عێراق.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG