Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا دەڵێت یارمەتی ئەمەریکا دەدات لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە


سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە کاتی ڕاگەیاندنی ئامادەبوونی کەشتییەک بۆ بەجێهێشتنی قوبرس بەرەو کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە ئەمە تاقیکردنەوەیەکە بۆ پشکنینی ئەم ڕێگا دەریاییە و ئەوروپا ئامادەیە هاوکاری ئەمەریکا بکات لە فراوانکردنی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی غەززە.

ڤێرسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە سەردانی قوبرسی کردبوو، ڕۆژی هەینی 8ی مانگی سێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نیکۆس کریستۆدۆلیدس، سەرۆکی قوبرس، ڕایگەیاند، "ئێمە زۆر نزیکین" لە کردنەوەی ڕێڕەوی دەریایی بۆ کەرتی غەززە.

ڤۆن دێرلین گوتی یەکێتی ئەوروپا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و وڵاتانی دیکە کە بەشداری ئەم هەوڵە دەکەن، لە بەرامبەر ئەو "کارەساتە مرۆییە"دا کە لە غەززە ڕوودەدات، دروستکردنی ڕێڕەوێکی دەریایی دەستپێدەکەن.

شایانی باسە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاندووە سوپای وڵاتەکە ڕێڕەوێکی دەریایی لە کەناری دەریای ناوەندی غەززە دروست دەکات، ئەوەش بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێی دەریاوە بۆ خەڵکی غەززە.

ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ دوورخستنەوەی برسێتی لە کەرتی غەززەدا کە بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە دروست بووە. جەنگەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی کاولکاری لە کەرتی غەززەدا و 2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی کردووەتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریداوە لەسەر کەوتنەوەی برسێتی لە غەززەدا و ئاماژەی بەوە داوە "بەربەستێکی زۆر هەن " لە بەردەم گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ ناو غەززە و دابەشکردنییان بە سەرانسەری کەرتەکەدا.

ڕێکخراوە مرۆییەکان داوایان لە ئیسڕائیل کردووە کارئاسانی بکات بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە، هەروەها داوایان لێکردووە ڕێڕەوێکی پارێزراو بکاتەوە بۆ ناو غەززە بۆ کاروانی بارهەڵگرەکان.

هاوکات بایدن ڕووبەڕووی فشار بووەوە لەلایەن پارتەکەی خۆیەوە بۆ ئەوەی ئیسڕائیلی هاوپەیمانی ناچار بکات کاری زیاتر بکات بۆ ئەوەی ڕێگە بدات یارمەتی زیاتر بچنە غەززەوە.

ئیسڕائیل وتوویەتی هیچ سنوورێکییان دانەناوە بۆ بڕی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە دەدرێن بە هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە، دەڵێت هۆکاری کەمیی یارمەتییەکان توانای نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکان و خاویی پڕۆسەکەیە.

زۆربەی ئەو یارمەتییانەی کە دەگەنە غەززە لە ڕێی وشکانییەوەیە و بە خاڵی سنووری ڕەفەحی سەر سنووری میسڕدا تێپەڕیون، لە مانگی دوانزەوە یارمەتییەکان لە ڕێی خاڵی سنووریی ئیسڕائیل کەریم شالۆمەوە دەگەیەندرێنە غەززە، کە سنووری بە غەززەوەیە، بەڵام پڕۆسەی گەیاندنی یارمەتییەکان لەو خاڵە سنوورییەوە زۆر خاو بووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بە داخستنی خاڵە سنوورییەکان و کۆتوبەندەکانی سەر جووڵە و پەیوەندییەکان و پڕۆسەکانی پشکنین و پشێوی و خراپی ڕێگاوبان، دەڵێت ئەمانە هەموو ئەو کێشانەن کە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە لە کاتی گەیاندن و دابەشکردنی یارمەتییەکاندا.

هەندێک لە وڵاتانی جیهان، بە ئەمەریکا و ئوردنیشەوە، دەستییان کردووە بە بەردانەوەی یارمەتییەوە لە ئاسمانەوە بۆ ناو غەززە.

کۆمسیۆنی ئەوروپاش وتوویەتی گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێی دەریاوە لە قوبرسەوە بۆ غەززە بەمزووانە دەستپێدەکات، ئەوەش بە یارمەتی ئیماڕات، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەوەی ئەوە چۆن دەبێت.

ڕێڕەوە دەریاییەکە چۆن دەبێت؟

سوپای ئەمەریکا لەنگەرێکی سەرئاوکەوتوو دروست دەکات و لە دەرەوەی کەناری غەززە دایدەنێت. دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە لەنگەرەکە لە ڕێی جادەیەکی کاتییەوە بە وشکانییەوە دەبەسترێتەوە.

یارمەتییەکان لە قوبرسەوە ڕەوانە دەکرێن، بەرپرسانی ئیسڕائیلیش دەڵێن ئەو یارمەتییانە دەپشکنن، وەکو چۆن ئێستا لە خاڵە سنوورییە وشکانییەکاندا دەیپشکنن، ئەوەش لە پێناو ئەوەدا کە ڕێگە نەدەن هیچ شتێک بچێتە ناو غەززەوە کە دواتر بۆ مەبەستی سەربازیی بەکاربهێندرێت.

بەڵام لە کاتێکدا کە چەند بەشێکی غەززە کێشەی زۆر خراپتری هەیە وەک لە بەشەکانی دیکە، دابەشکردنی یارمەتییەکان لە ناو غەززەدا ڕەنگە گەورەترین ئاڵنگاری بێت و هیچ وردەکارییەکیش نیە لەسەر ئەوەی یارمەتییەکان چۆن دابەش دەکرێن.

ڕێڕەوە دەریاییەکە چەندی دەوێت؟

بایدن ئاماژەی بەوە نەداوە، بەڵام بەرپرسێک بە ڕۆیتەرزی وت " چەند هەفتەیەکی دەوێت بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی."

ئاسایشی ڕێڕەوە دەریاییەکە چۆن دەبێت؟

سەرۆک بایدن بەڵێنیداوە کە هیچ سەربازێکی ئەمەریکایی نەچێتە غەززەوە و ڕوون نیە کە ئایا ئیسڕائیلییەکان یاخود هێزەکانی دیکە ئاسایشی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە دەپارێزن یان کێ ئەو کارە لە ئەستۆ دەگرێت.

ئیسڕائیل دەڵێت " بە تەواوەتی پشتگیری لە دروستکردنی ڕێڕەوە کاتییەکە دەکات و بەڵێنیدا هاریکارییەکی تەواو بکات لە نێوان دوو لایەنەکەدا."

حەماس هێشتا لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

وتەبێژی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی، ئونروا، جولیێت توما، دەڵێت پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکات کە ببێتە هۆی " باشکردن و زیادکردنی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان کە زۆر پێویستن."

بەڵام ئاماژەی بەوەدا " ڕێگەیەکی ئاسانتر و کاریگەرتر هەیە بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان، ئەوەش لە ڕێی خاڵە سنوورییە وشکانییەکانەوەیە کە ئیسڕائیل و غەززە دەبەستنەوە بە یەکەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG