Accessibility links

ڕاوێژکارەکانی بایدن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسیندا کۆدەبنەوە


ڕاوێژکارە زانستیەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسیندا کۆدەبنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ڕادەستکردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هێشتا کۆسپی لەبەردەمدایە بەهۆی ئەوەوە کە سەرۆک ترامپ ڕەتی دەکاتەوە دان بە سەرکەوتنی جۆو بایدندا بنێت.

پسپۆڕی باڵای نەخۆشیە گواستراوەکانی ئەمەریکا ئەنتۆنی فاوچی وتی ئەم دواخستنە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە بەتایبەتی لەکاتێکدا کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانی تەندروستی بۆتەوە.

وتیشی " بێگومان باشتر دەبێت ئەگەر بتوانین دەستبەکار بین لەگەڵیاندا، نابێت بوەستیت دەبێت بەردەوام بیت."

هەوڵەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسیندا لەکاتێکدایە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا گەیشتۆتە مەترسیدارترین قۆناغیەوە. بەپێی زانکۆی جۆن هۆپکینز بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەر ڕۆژێکدا نزیکەی 145,500 حاڵەت بووە. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەمەریکا لە تەنها یەک هەفتەدا 1 ملیۆن حاڵەتی توشبوون تۆماردەکات، هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕێژەی گیان لەدەستدانەکانیش لە سەدا 33 زیادیکردووە.

ڕۆن کلەین کە لە ماوەی ڕابردوودا جۆو بایدن وەکو سەرۆکی دەستەی کۆشکی سپی دەستنیشانی کرد وتی " لەم هەفتەیەدا دەست دەکەین بەو گفتوگۆ و ڕاوێژییانە." ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر و کۆمپانیاکانی دیکەی دەرمان لە ئەمەریکادا.

لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای فایزەر ڕایگەیاند ئەو ڤاکسینەی بەرهەمی هێناوە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەدا 90 کاریگەرە.

کلەین وتی شارەزایانی تەندروستی بایدن دەبێت لە وردەکاری پلانی دابەشکردنی ڤاکسینەکە تێبگەن کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە داڕێژراوە، بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەوە بابەتێکی هەستیارە.

وتی " دەبێت بەزووترین کات قسەیان لەگەڵدا بکەین، زۆر باشە ڤاکسینمان هەبێت بەڵام ڤاکسین ژیان ڕزگار ناکات، دابەشکردنی ڤاکسینەکە ژیان ڕزگار دەکات، ئەوەش مانای ئەوەیە دەبێت ئەو ڤاکسینە بدرێت لە قۆڵی هەموو هاوڵاتیان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا. ئەوە پڕۆژەیەکی لۆجیستیکی زۆر گەورەیە."

فاوچی وتی گەیشتنی ڤاکسینەکە مانای ئەوە نیە بگەڕێینەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆمان. ئەو ڤاکسینەی سەرەتا بەردەست دەبێت تەنها بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە ڤایرۆسەکە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست کردووە. وتی دەبێت ئەمەریکیەکان تاوەکو ساڵی داهاتوو بەردەوام بن لە ڕێکارەکانی خۆپاراستن لەوانەش بەستنی دەمامک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و شۆردنی دەستەکان بە بەردەوامی.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG