وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت گەشتیارێکی ئەڵمانی لە ئێران دەستبەسەرکراوە، ڕەتیشی کردەوە وردەکاری زیاتر بدات و تەنها وتی پیاوەکە ڕاوێژی پێدراوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر دەستبەسەرکردنەکە نەداوە.
هەوڵی دەستبەسەرکردنەکە دوای دەستگیرکردنی کۆمەڵێک لە هاوڵاتیانی بیانی دێت لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە لەم ساڵانەی دواییدا، زۆربەیان بە تۆمەتی سیخوڕی و تۆمەتەکانی دیکەی پەیوەست بە ئاسایشەوە دەستگیرکراون.
لە مانگی شەشدا دادگایەکی پێداچوونەوەی ئێران سزای نۆ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر گەشتیارێکی دەستگیرکراوی فەڕەنسیدا پشتڕاست کردەوە کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکرابوو. گەشتیارە فەڕەنسییەکە دوای ئەوەی لەسەر سنووری تورکمانستان بە دڕۆنێک وێنەی گرتووە، دەستگیرکراوە.
لە مانگی حەوتدا ئێران وتی هاوڵاتییەکی سویدی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە، ئەوەش چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی دادگایەکی ستۆکهۆڵم بەرپرسێکی پێشووی ئێرانی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبارکرد.
لە ئێستادا دادگایەکی ئێران دادگایی جەمشید شەرمەهد دەکات کە هاوڵاتییەکی ئەڵمانی – ئێرانییە و بە تۆمەتی ڕابەرایەتیکردنی گروپێکی چەکداریی ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار کراوە. تاران دەڵێت لە ساڵی 2020 دا دەزگای هەواڵگری ئێران شەرمەهدی دەستبەسەرکردووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا. خێزانەکەی دەڵێت شەرمەهد لەکاتێکدا سەردانی دوبەی کردووە ڕفێندراوە.
مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو دادگایەکی ئێران فەرمانی زیندانیکردنی چالاکەوانی مافەکانی مرۆڤ ناهید تاغاڤی بۆ زیاتر لە 10 ساڵ دەرکرد کە بە تۆمەتی پەیوەست بە ئاسایشەوە تۆمەتبار کرابوو. ناهیدیش بە هەمان شێوە ڕەگەزنامەی ئەڵمانی و ئێرانیشی هەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز